ئەکسیۆس: وەزیری جەنگی ئەمریکا بەنهێنی سەردانی ناتانیاهۆی کرد

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە رایگەیاند، پێت هێگسیت، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانێکی پێشوەختەی بۆ ئیسرائیل کردووە و لەو سەردانەدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، هێگسیت دوێنێ دووشەممە چاوی بە ناتانیاهۆ کەوتووە. ئەم سەردانە هەشت رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسرائیل بووە کە بڕیارە 27ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

سەردانەکە لەکاتێکدایە دانوستان لەنێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژ بە ئێران بەڕێوەدەچێت. ئەم دۆخە لە سایەی بەردەوامیی گرژییە هەرێمییەکان و جیاوازیی بۆچوونەکان لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران روویداوە.

لە راپۆرتەکەدا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانە ئاشکرا نەکراوە کە لەنێوان هێگسیت و ناتانیاهۆدا کراون.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، پێنتاگۆن و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل رەتیکردەوە لێدوان لەبارەی سەردانەکە بدەن. نووسینگەی ناتانیاهۆش تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئیسرائیلدا راگەیاند. ئەمەش لەکاتێکدایە رکابەرییە سیاسییەکان لە ئیسرائیل توندتر بوون و بەگوێرەی راپرسییەکان، ئەگەری مانەوەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار بە زۆرینەی پەرلەمانییەوە کەمبووەتەوە.

پێشتریش ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا لە 13ـی ئەم مانگە ئاشکرایکردبوو، ترەمپ و ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بەرفراوانیان دژ بە ئێران کردووە. ئەم گفتوگۆیە بەر لە هەڵبژاردنی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس ئەنجامدراوە.

ماڵپەڕەکە لەو کاتەدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، ناتانیاهۆ نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە کە دەریدەخەن تاران هەنگاوی بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی ناوە. سەرەڕای ئەمەش، هیچ بڕیارێکی کۆتاییی ئەمریکا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رانەگەیەندراوە.