کیم جۆنگ-ئون بە دەرکەوتنێک دەنگۆی مەرگی خۆی رەت دەکاتەوە

سەرۆکی کۆریای باکوور لە نوێترین دەرکەوتنیدا سەردانی پێشانگەیەکی جلوبەرگ و پێڵاوی کرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو بانگەشانەی باس لە جەڵتەی مێشک و مردنی دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیم جۆنگ-ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو گەشەکردنە خێرا و گەورەیە دەربڕیوە کە بەرهەمە نمایشکراوەکان بەخۆوە بینیویانە. لەم سەردانەدا، کیم جۆ-ئێی کچی و ری سۆل-جۆی هاوسەری یاوەرییان کردووە.

پێشانگەکە زیاتر لە 70,700 پارچە جلوبەرگی لە زیاتر لە 30 جۆر و زیاتر لە 170,000 جووت پێڵاوی لە زیاتر لە 60 جۆر لەخۆگرتبوو. بەرهەمەکان لە کارگەکانی پیشەسازیی سووک لە سەرانسەری وڵات و لە چوارچێوەی سیاسەتی گەشەپێدانی هەرێمیی کۆریای باکوور بەرهەم هێنرابوون.

ئاژانسەکە لە کیم جۆنگ-ئونەوە گواستییەوە، ئەوە بەڵگەیەکی روونە بۆ دروستی و زیندوویی سیاسەتی پارتەکە، کە ئامانج لێی نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان ناوچە ناوەندی و خۆجێییەکان و هەروەها نێوان ناوچە شارنشین و گوندنشینەکانە. ئامانجی دیکەی ئەم سیاسەتە بەدیهێنانی گەشەپێدانێکی هاوکات و هاوسەنگە بۆ سەرانسەری وڵات.

کیم جۆنگ-ئون لە ساڵی 2024 سیاسەتێکی بۆ دروستکردنی کارگەی مۆدێرن لە 20 شار و شارۆچکەدا بەدرێژایی 10 ساڵ ئاشکرایکردبوو. ئامانجی ئەم هەنگاوە باشترکردنی بارودۆخی ژیانی دانیشتووان لە ناوچە هەرێمییەکانە.

دەرکەوتنی سەرۆکی کۆریای باکوور لەکاتێکدایە راپۆرتەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد دۆخی تەندروستیی کیم جۆنگ-ئون ناجێگیرە. ئەو بانگەشانە دوای ئەوە هاتن میدیاکانی بەریتانیا باسیان لە گواستنەوەی بەپەلەی کیم جۆنگ-ئون بۆ نەخۆشخانەیەک لە بەیژینگ کرد، ئەوەش بەپشت بەستن بە بانگەشەی بێ بنەمای چالاکوانێکی چینی بوو کە گوایە تووشی جەڵتەی مێشک بووە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە بێهۆشییەوە.

هەروەها بانگەشەی ئەوە کرابوو شارەزایانی پزیشکیی چینی نەیانتوانیوە رزگاری بکەن و گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بە نهێنی بۆ کۆریای باکوور گواستراوەتەوە. بەگوێرەی ئەو بانگەشانە، بەیژینگ نزیکەی 9,000 سەربازی بۆ پیۆنگیانگ ناردووە بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کچەکەی کیم جۆ-ئێ بەبێ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ.