عێراقچی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا لە لووتکەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی.

سێشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە مێژووماندا هەرگیز ئێران و رووسیا بەو نزیکایەتییەی ئێستا هاوکاری و کاریان بەیەکەوە نەکردووە." ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای پێشوازیکردنی لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە تاران هات.

لە درێژەی نووسینەکەیدا، عێراقچی روونیکردەوە، لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەیی لە ئەوروپاوە تا رۆژئاوای ئاسیا، لەوانە دۆخی لوبنان، فەڵەستین، ئۆکرانیا و یەمەن کراوە و جەخت لە فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و ئەتۆمییەکان کراوەتەوە.

ئەم سەردانەی لاڤرۆڤ یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی رووسیایە بۆ تاران لەوەتەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتایی شوباتی رابردوودا بە هێرشێکی ئەمریکی - ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا. دوایین سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ئێران بۆ شوباتی 2025 دەگەڕێتەوە.

سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی مۆسکۆدایە بۆ نێوەندگیری و هێورکردنەوەی دۆخەکە. لاڤرۆڤ پێشتر رایگەیاندبوو، ئامانجی جووڵە دیپلۆماسییەکانی مۆسکۆ رێگرییکردنە لە تەشەنەسەندنی جەنگێکی بەرفراوان، بەتایبەت دوای ئەوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن تووشی بنبەست بوون.

جووڵەکانی رووسیا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرچاو بوون. سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی رایگەیاندبوو، مۆسکۆ تەواوی ئامادەیی هەیە بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا.

لاڤرۆڤ لە کۆتایی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردبووەوە، وڵاتەکەی کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە گەرووی هورمز و ناوچەی کەنداو دەکات.

پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە ساڵی 2022ـەوە و پاش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە گەشەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و گەیشتوونەتە قۆناخێکی نوێی هاوپەیمانێتی.