کاڵکان: ئەنقەرە پڕۆسەی ئاشتی دوا دەخات
سەرکردەیەکی پەکەکە رایدەگەیەنێت، هێزە چەکدارەکانیان لە سنوورەکانی تورکیا کشاندووەتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا ئەنقەرە پڕۆسەی ئاشتی تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا هێشتووەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنناوە.
دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی نزیک لە پارتە رایگەیاند، کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی و مێژووییان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە بەرانبەردا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنناوە و تەنیا لە چوارچێوەی قسەکردندا ماوەتەوە.
کاڵکان ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تورکیا هیچ بڕیارێکی لەبارەی پێگە و دۆخی ئۆجەلان نەداوە.
هەروەها روونی کردەوە، لە ساڵانی 2025 و 2026دا تەواوی هێزە چەکدارەکانیان لە ناو سنوورەکانی تورکیا و ناوچە هاوسنوورەکان کشاندووەتەوە و لە ئێستەدا هیچ مەترسییەکی چەکداری لە لایەن ئەوانەوە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا بوونی نییە.
لەبارەی مەرجەکانی بەردەوامبوونی پڕۆسەکە و جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، ئەو سەرکردەیە دووپاتیکردەوە، پێویستە ئازادیی جەستەیی بۆ ئۆجەلان دەستەبەر بکرێت و زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ بەشداریی دیموکراتییانەی پەکەکە دروست بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداریدا، دەوڵەتی تورکیا لێکدانەوەی هەڵە نەکات و وا بیر نەکاتەوە پێویستییان بە لایەنی بەرانبەرە.
پێداگری لەوەش کرد، پڕۆسەکە لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە زۆر سیاسی کراوە و گرێدراوی کێشەکانی ناوخۆ و سیاسەتی هەڵبژاردنە، ئەمەش رێگرە لە بەردەم پێشکەوتنی راستەقینە.
کاڵکان باسی لەوە کرد، ئەو قسە و داوایانەی دەڵێن "با چەک بە تەواوی دابنێن" بێمانایە، چونکە هیچ هێزێکی چەکدار نەماوە بتوانێت هەڕەشە بێت، ئەم جۆرە لێدوانانە تەنیا بۆ فشارخستنە سەر پەکەکە و کاتکوشتن و دواخستنی جێبەجێکردنی پڕۆسەکەیە.
لە سەرەتای ساڵی 2025دا، پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە دەستی پێکرد، ئەمەش دوای ئەوە هات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کۆتایی ساڵی 2024دا داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد لە پەرلەمانی تورکیا وتارێک پێشکەش بکات و پەکەکە هەڵبووەشێنێتەوە.
دواتر لە 27ی شوباتی 2025دا، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. بەم هۆیەوە پەکەکە لە مانگی ئایاری 2025دا کۆنگرەی 12ی خۆی بەڕێوەبرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و دانانی چەکی دا.
لە مانگی ئابی 2026دا، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی لێخۆشبوونی سنوورداری بۆ چەکدارە داماڵراوەکانی پەکەکە پەسەند کرد، هەروەها لیژنەیەکی چاودێری بە سەرۆکایەتیی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە پێکهێنرا.