مەسیحییە ئاوارەکان لە بەڵێنەکانی بەغدا بێئومێدن

مەسیحییەکان وەک یەکێک لە پێکهاتە رەسەنەکانی عێراق، دوای هێرشەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانی داعش، رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەیی و دەربەدەری بوونەوە. هەرچەندە دوای ڕووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003 ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوو، بەڵام زۆرینەیان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە جێبهێڵن و پەنا بۆ شارەدێی ئەلقووش و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ببەن؛ تا ئێستاش بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

لە نێو یەکێک لە خانووە سادەکانی ئاوارەییدا، سامر یونس چیرۆکی برینداربوون و قوربانیدانی خۆی بۆ کوردستان24دەگێڕێتەوە؛ ئەو کەمئەندام بووە و کار و کەسابەت و ماڵەکەشی لە بەغدا لەدەستداوە. سامر دەڵێت: ئەو کاتەی لە شوێنی خۆم دەرکەوتم، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا و پێم بە سەختی بریندار بوو. تەنها توانیم ماڵەوە ئاگادار بکەمەوە کە لە ژیاندا ماوم، بەڵام مخابن ئەوە چەندین ساڵە هیچ کەس و لایەنێک پرسیاری حاڵی نەکردووین.

لە تەنیشت ئەویش، هاوسەرەکەی (سەمیرا) کە تەنیا چەند ئەلبوومێکی وێنەی کۆنی وەک یادگاریی ژیانی بەغدا لە دەستدا ماوەتەوە، باسی نەهامەتییەکانیان دەکات و دەڵێت: دوای ڕووخانی ڕژێم تەنها نەخۆشی، ماڵوێرانی و زیانمان بەرکەوت؛ ماڵمان لەدەستدا و هاوسەرەکەم بریندار بوو و ماوەی 22 ساڵە لە ماڵەوە کەوتووە. ئێمە بە تەواوی پەراوێز خراوین. تەنانەت بوونی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش لە پشکی مەسیحییەکان دادی نەداین، چونکە تەنها بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆیان کاریان دەکرد.

ئاوارە مەسیحییەکانی نیشتەجێی ئەلقووش و هەرێمی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە بەڵێنەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەو ئاستەدا نەبوون متمانەیان پێ بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵکو بێئومێدی و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان نیگەرانییەکانیانی بۆ داهاتوو زیاتر کردووە.