47 رووفات رادەست دەکرێنەوە؛ "عێراق رێز لە کەسوکاری قوربانییان ناگرێت"

کەسوکاری قوربانییان لەسەر شوستەی شەقامێکی مووسڵ لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی رووفاتەکان (وێنە: کوردستان24)
کەسوکاری قوربانییان لەسەر شوستەی شەقامێکی مووسڵ لە چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی رووفاتەکان (وێنە: کوردستان24)

لە مووسڵ رووفاتی 47 قوربانیی دەستی رێکخراوی چەکداریی داعش رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە، قوربانییەکان خەڵکی ناوچەی حەمام عەلیلن و لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژ کراون.

دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی  یەکەمی 2026، لە گۆڕەپانی بەردەم باڵەخانەی پارێزگای مووسڵ، رێوڕەسمی رادەستکردنەوەی رووفاتی 47 کەس بەڕێوەدەچێت کە پێشتر لە پزیشکیی دادوەری، پشکنین بۆ ناسینەوەیان کراوە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، زۆربەی ئەو قوربانییانە سەر بە هۆزی جبوورن و لە ناوچەی حەمام عەلیلی باشووری مووسڵ نیشتەجێ بوون. لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا و بە دیاریکراوی لە ساڵی 2016، لەلایەن ئەو رێکخراوەوە لە کۆلێژی کشتوکاڵ کۆکراونەتەوە و دواتر کۆمەڵکوژ کراون. لە نێویاندا، خەڵکی مەدەنی و کارمەندی پۆلیس هەن.

یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەی کرد و گلەیی لە کەمتەرخەمیی دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد و گوتی، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ رێزێک لە کەسوکاری شەهیدەکان نەگیراوە. ئاماژەی بەوە دا، لەسەر شۆستەکان وەستاون و هیچ شوێنێکی تایبەت بۆ پێشوازیکردنیان ئامادە نەکراوە، تەنانەت ئاوی خواردنەوەشیان بۆ دابین نەکراوە. هەروەها باسی لەوە کرد، تەنیا دەیانەوێت رووفاتەکان وەرگرنەوە و بیانبەنەوە، چونکە دۆخی پێشوازیکردنەکە زۆر خراپە و لە ئاستی قوربانیدانی ئەواندا نییە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014دا، چەکدارانی داعش شاری مووسڵیان کۆنترۆڵ کرد و کردیانە پایتەختی دەسەڵاتەکەیان لە عێراق. لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەدا، هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، کارمەندی ئەمنی و سەربازی کۆمەڵکوژ کران. چەکدارەکانی داعش بە شێوەیەکی دڕندانە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان وەستانەوە، سەدان گۆڕی بەکۆمەڵیان لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای نەینەوا دروست کرد و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیان ئاوارە کرد.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2016دا، هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان بۆ رزگارکردنی پارێزگاکە دەست پێکرد. دوای نۆ مانگ لە شەڕی قورس و وێرانبوونی بەشێکی زۆری ژێرخانی شارەکە، لە مانگی تەممووزی ساڵی 2017دا بە فەرمی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ راگەیەنرا و شارەکە بە تەواوی رزگار کرا، بەڵام تاوەکوو ئێستە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو جەنگە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان وەک برینێکی قووڵ بە جەستەی شارەکەوە ماونەتەوە.