فراکسیۆنی پارتی داوای تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی دەستبەجێ کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و مێژووییەکان دەکاتەوە بە بێ بەستنەوەی بە ململانێ سیاسییەکانەوە.
دەقی بەیاننامەکەی فراكسیۆنی پارتی بە بۆنەی دووساڵەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان:
ئەمڕۆ دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەو رۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان دا و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستن و پاشەرۆژێكی پڕشنگدار بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت.
لەو سۆنگەیەوە ، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتێكدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە رێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكانی هەرێم دەكەینەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین. هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون، بۆیە بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تا هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين و هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی رێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیەكەی، وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، و لەپێناو رێزگرتن و بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان لە پەلەكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا.
هەروەها فراكسیۆنەكەمان، پابەندبوونی خۆى بەرامبەر بە دەنگدەرانی پارتی و جەماوەری كوردستان دووپات دەكاتەوە و پێمان وایە، ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە. هەر بۆیەش كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە، چونكە ئەمە شەرعییەتی دەنگی خەڵك و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.
لە كۆتاییدا، هیوادارین ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت و بە دیدێكی هاوبەش و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، هەموومان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرین، و پێكەوە هەنگاو بنێین بۆ قۆناخێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم رووەكانەوە.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان
20/ 10/ 2026
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی تایبەت لە 18 و دەنگدانی گشتی لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی پرۆسەکە کرا.
ھەڵبژاردنەکە بەشێوازی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو و ھەرێمی کوردستان بەسەر 4 بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکرا کە تیایدا لایەنەکان و پێکهاتەکان پێشبرکێیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمان دەکرد. لەم خولەی پەرلەمان ژمارەی ئەندامان لە 111 ئەندامەوە کەمکرایەوە بۆ 100 ئەندامی ھەڵبژێردراو، بۆ یەکەم جاریشە کە دەنگدەران کارتی بایۆمەترییان بەکارهێناوە و دەنگەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی هەژمارکرا کە ئەمەش کارئاسانییەکی زۆری بۆ ژماردنی دەنگەکان و خێراتر کردنی پرۆسەکە کرد.
دوابەدوای هەڵبژاردنەکان، لە 21ی تشرینی یەکەمی 2024دا، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامارە بەراییەکانی راگەیاند. دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیەش، دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 کەس دەنگیانداوە، بەمەش ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن 72%بووە.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ژمارەیان ٩٥ کورسیە، بەم شێوەییەی خوارەوە بوو :
- بازنەی هەولێر: 32کورسی
- بازنەی سلێمانی: 36کورسی
- بازنەی دهۆک: 24 کورسی
- بازنەی هەڵەبجە: 3 کورسی
هەروەها دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان 5 کورسی بوون و بەم شێوەیە دابەشکرابوون:
- بازنەی هەولێر: 2 کورسی
- بازنەی سلێمانی: 2 کورسی
- بازنەی دهۆک: 1 کورسی
- بازنەی هەڵەبجە: ٠ کورسی
ئەمرۆش 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، کە لایەنە سیاسییەکان سێ رۆژیان لەبەردەستە تا تانە لە ئەنجامەکان بدەن. بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، ژمارەی کورسیی بەدەستهاتووی لایەنەکان لە کۆی هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بەمشێوەیەن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: 7 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
رەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی