ئەمریکا پەرەپێدانی مووشەکی هایپەر سۆنیک خێراتر دەکات

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ ساڵی دارایی 2027 داوای تەرخانکردنی بڕی 806 ملیۆن دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە، بە مەبەستی تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی مووشەکی کروزی هایپەر سۆنیک (HACM) و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ. ئەم هەنگاوە لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو دواکەوتنەیە کە واشنتن لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە چەکانەدا تووشی بووە.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی بودجە کە هەیە، هێزی ئاسمانی پلانی هەیە نزیکەی 273 ملیۆن دۆلار لەو دامەزراوە و دابینکارانەدا وەبەرهێنان بکات کە بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی مووشەکەکان. ئەمەش بە ئامانجی خێراکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و رێگرییکردنە لە هەر دواکەوتنێکی دابینکردن لە کاتی دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی فراواندا.

کۆمپانیای رێسێیۆن بۆ پیشەسازییەکانی بەرگری، نزیکەی 412 ملیۆن دۆلاری دیکە بەدەست دەهێنێت. لەم بڕە پارەیە 263.3 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی پێکهاتەکانی مووشەکە نوێیەکان و دڵنیابوون لە دیزاین و کڕینی ئەو پارچانەیە کە پێویستیان بە داواکاریی پێشوەختە هەیە، هەروەها 148.7 ملیۆن دۆلاری دیکە بە گرێبەستێکی جیاواز بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی مووشەکەکان تەرخانکراوە.

بودجەکە نزیکەی 89 ملیۆن دۆلاریشی بۆ تاقیکردنەوەکان تەرخانکردووە، کە کۆکردنەوەی نموونە سەرەتاییەکان و دڵنیابوون لە سیستەمەکانیان و ئەنجامدانی گەشتی تاقیکاریی زیاتر لەخۆ دەگرێت. بڕی 32.6 ملیۆن دۆلاری ماوەتەوە کە بۆ پشتیوانیی ئەندازیاری و بەڕێوەبردنی بەرنامەکە خەرج دەکرێت.

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا پێشبینی دەکات لە ساڵی دارایی 2027 دەست بە بەرهەمهێنانی مووشەکی هایپەر سۆنیک بکات. بەڵگەنامەکانی بودجە دەریدەخەن، وەبەرهێنانی پێشوەختە لە دامەزراوە و هێڵەکانی دابینکردندا، ئامانجی رێگرییکردنە لە هەر ئاستەنگێک لە بەرهەمهێنان و دواکەوتنی رادەستکردنی مووشەکەکان.

مووشەکی کروزێکی هایپەر سۆنیک کە لە فڕۆکەکانەوە ئاراستەی ئامانجە دوورەکان دەکرێت و بڕیار وایە فڕۆکەی ئێف-15 ببێتە یەکەم فڕۆکە کە ئەم مووشەکە هەڵدەگرێت. هێزی ئاسمانی پلانی هەیە تا ساڵی دارایی 2031 نزیکەی 3.12 ملیار دۆلار لەم بەرنامەیەدا خەرج بکات.

بلومبێرگ پێشتر بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە زیاتر لە سێ ساڵ لە خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەم سیستەمی چەکی هایپەر سۆنیک دوورهاوێژ دواکەوتووە، کە بە دارک ئیگل ناسراوە.

وۆر زۆن بە گێڕانەوە لە نوێنەری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا بە هاوکاریی ئوسترالیا، یەکەم تاقیکردنەوەی فڕینی مووشەکی HACMـی ئەنجامداوە.

پەرەپێدانی ئەم مووشەکانە بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە، کاتێک واشنتن نیگەرانیی خۆی لە پێشکەوتنەکانی رووسیا و چین لە بواری چەکی هایپەر سۆنیک دەربڕی و هەوڵیدا توانای هاوشێوە پەرەپێبدات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی هێرشبەریی دوورهاوێژ.

رووسیا چەندین سیستەم و مووشەکی فرەخێرای پەرەپێداوە، لەوانە تسیرکۆن، کینجال، ئەڤانگارد، لەگەڵ مووشەکی بالیستیی مامناوەندهاوێژی ئۆرێشنیک، کە کەرەستەی هایپەر سۆنیک نائەتۆمی هەڵدەگرێت. مۆسکۆ رایدەگەیەنێت ژمارەیەک لەو سیستەمانە چوونەتە خزمەتگوزارییەوە و لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهێنراون.