کەسوکاری شەهیدانی داستانی پردێ داوای یەکڕیزی لایەنەکان دەکەن

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هێزەکانی عێراق و میلیشیاکان بە کەرکووکەوە نەوەستان و لە پردێوە بەرەو ھەرێمی کوردستان دەھاتن ئامانجیان تەواوی ھەرێمی کوردستان بوو، کەسوکاری شەهیدانی ئەو دستانەش شانازی بەشەهیدەکانیان دەکەن و داوای یەکڕیزی لایەنەکان دەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان هێرشە بەرفراوانەکەیان تێکشکاند حەوت پێشمەرگە شەھید بوون، شەھید سورێن یەکێک بوو لە شەھیدەکانی ئەو داستانە, شەھید سورێن جگە لەخۆی باوک و برایەکیشی شەھیدی پاراستنی خاکی ھەرێمی کوردستان، ھاوسەری شەھید سورێنیش باوکی شەھیدی ئەو ریگایەیە، ئەو شانازی بە شەھیدەکانیانەوە دەکات جارێکی دیکەش ئەو رێگەیە هەڵدەبژێرن.

شەیدا حوسێن، ھاوسەری شەھید سورێن بە کوردستان24ـی راگەیاند “ئێمە شانازی دەکەین کە ئەو رێگەیەمان هەڵبژاردووە، هاوسەرەکەشم کە لەو رێگەیە شەهید بوو بە بڕوای خۆی رێگەکەی هەڵبژارد، هیچ کاتیش پەشیمان نین کە ئەو رێگەیەمان هەڵبژاردووە، شانازییەکی گەورەیە”.

لە داستانی پردێ پێشمەرگە تەنیا گرووپێکی ملیشیای نەشکاند، بەڵکو پێشکەوتووترین گەورەترین چەکی جیھانیشی تەقاندەوە، ئەمە بووە ھۆی ترس خستنە نێو گروپە میلیشیاکان، شەھید غازی دۆڵەمەری یەکێکی دیکە لە شەھیدانی ئەو داستانە، کەسوکار و منداڵەکانیشی ھەمان ئەو ریگەیان بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان گرتوەتە بەر، ئەوان داوا لەلایەنە سیاسیەکان دەکەن لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان یەکگرتوو بن.

شێروان غازی، کوڕی شەھید غازی دۆڵەمەری گووتی “بەداخەوە رۆژێکی زۆر ناخۆش بوو، سەریشمان بەرزە بەوەی شەهید غازی دؤڵەمەڕی خۆی قوربانی کوردستان کرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان کە کەرکووکیان فرۆشت، ئێمە بەخوێن کڕیبومان، ئەگەر هەزار جاری دیکەش ئەوان بیفرۆشن ئێمە بەخوێن دەیکڕین.

داستانی پردێ بە خوێنی حەوت پیشمەرگە تۆمار کرا، ئازاد بەرەکەیش یەکێک بوو لە شەھیدانی ئەو داستانە، 16ـی ئۆکتۆبەر 4 رۆژبوو رویدابوو باوکیان لە داستانی پردی شەھید بوو، شەھیدکردنی باوکیان دوو جار بۆ ئەوان ناخۆش بوو، ئەوانیش داوای یەکگرتوویی یەک دەنگی لایەنە سیاسیەکان بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن

بەختیار ئازاد، کوڕی شەھید ئازاد بەرەکەیی دەڵێت “شانازی بەو داستانەوە دەکەین کە باوکمان یەکێک بووە لەو شەهیدانەی بەخوێن بەرگریی لەو خاک و نیشتمانە کرد، ئێمە وەکو بنەماڵەی شەهیدان داواکاریمان ئەوەیە هەموو لایەنەکان یەکڕیز و یەکدەنگ بن، چۆن ئێمە بە خوێن بەرگریمان لە خاک و نیشتمان کرد، ئەوانیش بتوانن بە یەک ڕیزی و تەبایی پاریزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن.”

نۆ ساڵ بەسەر داستانی پردێ تێدەپەڕێت کە لە هەرێمی کوردستان بە داستانی " ئەبرامز شکێنەکان" ناسراوە، ئەم داستانە لەو رۆژەدا تۆمارکرا، کە هێزی پێشمەرگە رێگەی نەدا، هێزە عێراقییەکان کە بە چەكی نوێ و پێشكەوتووەوە بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوی بکەن، خاکی زیاتری کوردستان داگیر بکەن.

دوای هێرشی هێزە عێراقییەکان لە (16ـی ئۆکتۆبەری 2017)، پاش داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو، مەرامیان بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان زیاتر ئاشکرابوو، بۆیە دوای چەند رۆژێک هێزەکانیان بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوییان کرد. هێزە عێراقییەکان لە کاتژمێر حەوتی بەیانی 20ـی ئۆکتۆبەری 2017، لە پردێوە هەوڵی هێرشکردنە سەر شاری هەولێریاندا بە تۆپبارانی، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دەستیان بە پێشڕەوی کرد. 

بەڵام لە پردێ، دوای بەرگرییەکی سەختی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس، هێزە عێراقییەکان لە هەنگاونان بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی کوردستان وەستێندران و سنوورێکیان لەبەردەم دانرا.

لەو داستانەدا، تانکێکی ئەبرامزی ئەمەریکی، کە یەکێکە لە بەهێزترین تانکەکانی جیهان و بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داعش درابوو بە هێزە عێراقییەکان، کەچی لە هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستان بەکارهێندرا و لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندرایەوە، بەمەش داستانی پردێ بە داستانی ئەبرامز شکێنەکان ناسێندرا.