هاوکاریی دارایی سەرۆکوەزیران بەسەر رزگاربووانی ئێزدیدا دابەش دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

دابەشکردنی هاوکاریی دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەر 3500 رزگاربووی دەستی داعش دەستی پێکرد و پڕۆسەکە چوار رۆژ دەخایەنێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی مانگی تەمموز (حەوت)ـی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەر رزگاربووانی دەستی داعشدا کرا. 

 پڕۆسەی پێدانی هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکوەزیران، رۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەست پێدەکات و 3500 رزگاربوو سوودمەند دەبن.

بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری کراوە، پڕۆسەکە لەم شوێنانە بەڕێوەدەچێت:

- سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026: هۆڵی لالش لە ناوەندی قەزای شێخان.

- چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026: هۆڵی لالش لە ناحیەی خانکێ. 

- پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026: هۆڵی لالش کۆمەڵگەی دێرەبوون. 

- هەیینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026: هۆڵی لالش - 1 لە کۆمەڵگەی شاریا. 


لە مانگی ئابی ساڵی 2014دا، چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، بەو هۆیەوە هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژن و ئافرەتیش رفێندران. دوای تێکشکاندنی داعش لە ناوچەکەدا، بەشێکی زۆر لەو رفێندراوانە لە دەستی چەکدارەکان رزگار کران.

لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی لە رووی دەروونی و جەستەیییەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە مانگی تەممووزی ساڵی 2024ـەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی پێدانی هاوکاریی دارایی بۆ رزگاربووانی ئێزدی راگەیاند.

پڕۆژەکە سەرجەم رزگاربووانی ئێزدی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ پێدانی بڕە پارەیەک بە شێوەی مانگانە، رزگاربووان دەتوانن بەبێ بەرانبەر لە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان سوودمەند بن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دووبارە تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆیان.