شوێنە بازرگانییەکانی پاریس باجی توندوتیژیی خۆپیشاندەران دەدەنەوە
بەهۆی خۆپیشاندان و توندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، شەپۆلێکی وێرانکاری و تاڵانکاری ناوچە بازرگانییەکانی گرتووەتەوە و خاوەنکارەکانیش سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەکان و هەڵسەنگاندنی زیانە داراییە گەورەکانن.
لە پایتەختی فەڕەنسا، دەیان شوێنی بازرگانی رووبەڕووی شکاندن، تێکشکاندن و دزینی سەرجەم کەلوپەل و کاڵاکان بوونەتەوە، و لە ئەنجامدا کاسبکاران تووشی زیانی گەورەی دارایی بوون.
کارمەندێکی فرۆشگای پێڵاوی شینزۆ (Shinzo) لەم بارەیەوە رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین شوێنەکە رێکبخەینەوە، ئەوەی دەکرێت چاکی بکەین و هەر شتێکیش شیاوی بەکارهێنانەوە بێت دایبنێینەوە، دواتریش دەست بە پاککردنەوە دەکەین. ئەمە پێنجەمین فرۆشگایە ئەمڕۆ لەسەر ئەم شەقامە کاری لەسەر دەکەین و بە دڵنیاییەوە ئەمەیان لە هەموویان خراپترە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی خاوەنکارەکان، لەگەڵ تاریکبوونی شەودا گرووپێکی 20 بۆ 30 کەسی کە چەکیان بە دەستەوە بووە بە دار و چەکوش و ئاسن، پەلاماری فرۆشگاکانیان داوە و هەموو شتێکیان تێکشکاندووە. لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و خاوەن کارەکان ناچار بوون بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر و بە درێژایی شەو لە شوێنی کارەکانیان بمێننەوە تا رێگریی لە هێرشبەران بکەن و رێگە لە تاڵانکردنی سەرچاوەی بژێویی دەیان خێزان بگرن.
لای خۆشیەوە، لیندا (Linda)، بەڕێوەبەری فرۆشگای جلوبەرگ ئاشکرای کرد: "داوای هاوکاریی دەکەین و ئەمەش داوایەکی رەوایە. بۆچی بەمشێوەیە دووکانەکان وێران دەکەن؟ ئێمە تەنیا بازرگانی بچووکین و هەوڵ دەدەین لە ژیاندا بمێنینەوە، ئەمەش زۆر قورسە. ئەوان فرۆشگاکەیان بە تەواوی تاڵان کرد؛ ئێمە سەرمان سوورماوە و زۆر بێزارین، بە راستی هیچی دیکەم بۆ گوتن نییە."
سەرەڕای ئەوەی گۆڕەپانەکانی ناوەڕاستی پاریس ساڵانە دەبنە شوێنی خۆپیشاندانی بەردەوام، بەڵام بازرگانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاستی وێرانکاری و تاڵانکردنی ئەمجارە تەواو بێوێنە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە نەبووە.
ئێستا خاوەنکارە زیانلێکەوتووەکان کە بەشێکیان قەرزی بانکەکانیان لەسەر کەڵەکە بووە و بۆ ماوەیەکی نادیار ناتوانن کارەکانیان دەستپێبکەنەوە، داوای هاوکاریی بەپەلە لە حکوومەت و کۆمپانیاکان دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی فەڕەنسا ئێمانوێل ماکرۆن چەپە رادیکالەکانی بە هاندان و هۆکاریی ئەو وێرانکارییانەی پاریس و شارەکانی دیکە تۆمەتبار دەکات.