رێبەر ئەحمەد: داعش بۆشاییە ئەمنییەکان دەقۆزێتەوە
وەزیری ناوخۆی هەرێم: هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی کوردستان نییە
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرس و تەوەرەی گرنگی پەیوەست بە ئاسایشی هەرێم، مەترسییەکانی داعش، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، و هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر بە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکی درێژە بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و گوتی: بێگومان بیانووی جیاجیا هەبوون، بەڵام هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنێکی ئارام و پەناگەیەک بووە بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە پاراستن بووبێت. هەڵوێستی ئێمە روونە کە نابینە بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە و هیوادارین هەموو لایەک رێز لەم هەڵوێستە بگرن، چونکە هیچ بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم بوونی نییە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، وەزیر رایگەیاند؛ زانیارییە هەواڵگرییەکان بوونی جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکەنەوە و گوتی: ئەوانەی دەڵێن داعش کۆتایی هاتووە وای نییە، بەڵکوو رۆژانە چالاکییان هەیە و قوربانی لێ دەکەوێتەوە، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەیان.
هەروەها دەربارەی بۆشاییە ئەمنییەکان جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە پێکهێنراون، بەڵام ئەو هێزە بەس نییە و پێویستە لیوای هاوبەشی زیاتر بۆ پاراستنی ناوچەکان پێکبهێنرێت.
وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر کۆبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی و گوتی: بەتایبەت لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، پێویستییەکی زۆر هەیە کە هێزەکانی هەرێم و فیدراڵ هەماهەنگییەکانیان لە ئاڵوگۆڕی زانیاری، چالاکیی هاوبەش و داڕشتنی ستراتیژ زیاتر بکەن. مەرجەعی هەمووشمان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان، دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپات کردەوە و گوتی: هەڵوێستی ئێمە لە هەرێم پشتیوانیکردنی ئەم کابینەیەیە بۆ ئەوەی بەرنامەکەی سەربکەوێت، چونکە سەرکەوتنی بەرنامەکەی دەبێتە هۆی عێراقێکی ئارامتر و سەقامگیرتر. لەگەڵ وەزیری نوێی ناوخۆی عێراقیش کە تازە دەستبەکار بووە پەیوەندیمان دەبێت و هەماهەنگییە ئەمنییەکانمان بەردەوام دەبن.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کۆبوونەوە و رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، وەزیری ناوخۆ بە کورتی رایگەیاند: ئێمە لەو کۆبوونەوەیەی بەغدا بەشدار نەبووین، بۆیە لێدوان لەسەر کۆبوونەوەیەک نادەم کە تێیدا ئامادە نەبووبین.