ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی راپەڕین کۆدیان پێدەدرێت

 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، پرۆسەی دانانی کۆدی ئەمنی بۆ زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستیپێکرد و هۆشداری توند دەدرێتە شۆفێران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند هیچ ئاگادارییەک و هەماهەنگییەکیان لەبارەی پرۆسەکەوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین پرۆسەی لێدانی "پلێت" و کۆدی بۆ 15 هەزار و 13 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەستپێکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکەش هۆشداریی توند بە شۆفێران دراوە کە هەر کەسێک کۆدی ئۆتۆمبێلەکەی لێبکاتەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. لە رێنماییەکاندا داوا لە خاوەنی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە کراوە بەتەواوی پابەندی بڕیارەکان بن و خۆیان لە هەر هەنگاوێک بپارێزن کە دەیانخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی یاساییەوە.

محەمەد حەلاق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان کۆدی ئەمنییان پێدرا، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە قۆناخی دووەم کە پێدانی تابلۆی ئەمنییە دەستپێبکات و خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تابلۆیان پێ دەدرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان زۆرن و پێدانی تابلۆ قۆناخ بە قۆناخ دەبێت؛ لە هەر قۆناخێکدا 300 تا 500 ئۆتۆمبێل تابلۆیان پێدەدرێت و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو ئۆتۆمبێلە بێسەرەتا کۆدکراوەکان تابلۆ وەردەگرن.

لە لایەکی دیکەوە، رائید عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو پرۆسەیە نین و هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ نەکراوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێدانی کۆد بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان چەندین مەرجی هەیە، لەوانە: نابێت ئۆتۆمبێلەکە بڕاوە بێت، نابێت پێشتر بۆ تاوانکاریی و کاری نایاسایی بەکارهێنرابێت، هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆمار نەکرابێت و جام رەش نەبێت. هەروەها لە هەر کاتێکدا شۆفێر سەرپێچی لە رێنماییە ئەمنییەکان و رێساکانی هاتوچۆ بکات، راستەوخۆ دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.

کوردستان24 زانیویەتی لە قۆناخی پێدانی تابلۆدا، لە هەر ئۆتۆمبێلێک بڕێک پارە وەردەگیرێت کە خەرجی دروستکردنی تابلۆکەیە، ئەو بڕە پارەیەش لەلایەن ئەو کۆمپانیا یان لایەنەوە وەردەگیرێت کە تابلۆکانی دروستکردووە.

تەنیا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 35 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەن، بەگوێرەی میکانیزمی نوێی پێدانی کۆد، لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگاکە بە سێ قۆناخ مامەڵەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان جێبەجێ دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە لە 30ی ئاداری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکردبوو بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، بە تایبەت ئەوانەی پێیان دەگوترێت "مەلیکە" و پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو.