جیرۆزالیم پۆست: سووریا ترسی لە هێرشی چەکدارانی دروزەکان هەیە
کە حکوومەتی وڵاتەکەی ترسی لەوە هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا گرووپە چەکدارەکانی دروز لە پارێزگای سوەیدا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکوومەت، هەروەها ئیسرائیلیش هانی ئەو پرۆسەیە دەدات و پشتیوانی دەکات.
رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"ـی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە زاری بەرپرسێکی حکوومەتی سووریاوە بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی دروز ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دژی هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەکەن، هەروەها کۆبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان لەسەر هێڵەکانی بەریەککەوتن، دیمەشقی لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە باشووری سووریا نیگەران کردووە، هاوکات کەسایەتییە دروزەکانی ئەو پارێزگایەش لەم دواییانەدا بە ئاشکرا رایانگەیاندووە، لەوانەیە بەم زووانە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندە دروزییەکان دەست پێبکەن
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، فڕینی فڕۆکە چاودێرییەکانی ئیسرائیل بەسەر سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەریدا چڕتر بووەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی گەشتە هەواڵگرییەکان بەسەر دیمەشق و باشووری سووریادا. هەروەها بەرپرسەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هێلیکۆپتەرێکی ئیسرائیلی لە سوەیدا نیشتووەتەوە و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی رادەستی چەکدارەکان کردووە.
لە دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەدەوە، ئیسرائیل چەندین جار جەختی لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆی سەبارەت بە پێشهاتەکانی باشووری سووریا کردووەتەوە و هەوڵی داوە رێگری بکات لە جێگیربوونی هێزە دوژمنکارەکان لە نزیک سنوورەکانی، لە نێویاندا لە ناوچەی دابڕاو کە لە ساڵی 1974 دوای جەنگی "رۆژی لێخۆشبوون - یوم الغفران" دروستکراوە. لە بەرامبەریشدا، دیمەشق ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل و بەردەوامی مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی سووریا بە پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دەزانێت.
گرژییەکانی دەوروبەری سوەیدا لە ساڵی رابردووەوە دروست بووە، بە جۆرێک لە 13ـی تەمموزی 2025 شەڕ و پێکدادان لە باشووری سووریا لە نێوان سوپای سووریا و هێزە عەشایەرییەکان لە لایەک، و هێزە دروزەکان لە پارێزگای سوەیدا لە لایەکی دیکەوە دروست بوو، کە ئەوکات گرووپە دروزەکان لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا رێکخرابوون.
لە 15ـی تەمموزی 2025، سوپای سووریا کۆنتڕۆڵی سوەیدای کرد، ئەمەش وای لە دروزەکانی ئیسرائیل کرد داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکەن دەستێوەردان بکات و کشانەوەی هێزەکانی سووریا لە پارێزگاکە مسۆگەر بکات. دواتر ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا، لە نێویاندا بارەگای دەستەی ئەرکانی سووریا لە دیمەشق. پاشان بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست راگەیەندرا و بەپێی رێککەوتنەکە سوپای سووریا هێزەکانی لە سوەیدا کشاندەوە، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەنجوومەنی سەربازیی سوەیدا هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای سووریا راگرت.
ناتانیاهۆ لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد، لە کاتی قەیرانەکەدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا قسەی کردووە و هۆشداری پێداوە کە "ئەگەر کۆمەڵکوژی مەدەنییە دروزەکان نەوەستێت، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سووریا چڕتر دەکاتەوە". هەروەها گوتیشی: گفتوگۆیەکە "زۆر کورت و زۆر توند بوو و بەهۆیەوە کۆمەڵکوژییەکە وەستا".
لە بەرامبەردا سەرچاوەیەکی نزیک لە حکوومەتی سووریا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، بڕیارەکەی ناتانیاهۆ بۆ ئاشکراکردنی گفتوگۆکە ئامانج لێی لاوازکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بووە بەسەر سووریادا، ئیسرائیل دەیەوێت "شەرع لاواز بێت تاوەکوو بتوانێت ئەوەی دەیەوێت لە سووریا بیکات".
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی گوتووە، پێشبینی ناکات دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەست پێبکاتەوە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت.