سوپای پاسداران: بە سیستەمێکی نوێ درۆنێکی ئەمریکامان خستەخوارەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان لە  گەرووی هورمز خستوەتە خوارەوە، ئەمەش 54ەمین فڕۆکەیە لەلایەن تارانەوە تێکدەشکێندرێت.

سوپای پاسداران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆنێک)ـێکی جۆری "ێم کیو نۆی"ئەمریکییان لە ئاسمانی گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، درۆنەکە بە سیستەمی نوێ و پێشکەوتووی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە توانراوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووەکەی ئەمریکا چاودێری بکرێت و بخرێتە خوارەوە.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمە 54ەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەخرێتە خوارەوە.

لە ماوەی رابردوودا و بەتایبەتی لە ساڵی 2026دا، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداو و بەتایبەتی گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. ململانێکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێک چەندان جار رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان رووی داوە.

 گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، هەر بۆیە ئەم جۆرە پێشهاتە سەربازییانە مەترسییەکانی تێکچوونی ئاسایشی وزەی جیهانی و پێکدادانی سەربازیی فراوانتر لە ناوچەکە زیاتر دەکەن.