سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی "فرەچەشنی زیندەیی" لە کوردستان راگەیاند
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان) راگەیاند.
پڕۆژەکە لەلایەن (کوردستان فاوندەیشن)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە، رێکخستن، پێداچوونەوە و خستنەڕووی زانیارییە زانستییەکانە لەبارەی ئاژەڵ و رووەکەکانی هەرێمی کوردستان.
لە رێوڕەسمەکەدا بە فەرمی ماڵپەڕی (www.biodiversity.krd) راگەیەنرا، کە دەبێتە بنکەیەکی زانیاریی نیشتمانی و سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ داتا زانستییە پشتڕاستکراوەکان. ئەو داتایانەی لەلایەن توێژەرانی پڕۆژەکەوە کۆکراونەتەوە، دەخرێنە بەردەست بۆ خزمەتکردنی توێژەران، قوتابییان، ئارەزوومەندانی سروشت و هەوڵەکانی پاراستنی ژینگەی کوردستان.
ئامارە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:
بەپێی داتا سەرەتاییەکانی پڕۆژەکە، تاوەکوو ئێستە ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی رووەک و ئاژەڵ لە کوردستان تۆمار کراون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- کۆی گشتیی جۆرە تۆمارکراوەکان گەیشتووەتە دوو هەزار و 252 جۆر.
- هەزار و 408 جۆریان پێکدێن لە رووەک.
- 844 جۆریان پێکدێن لە ئاژەڵ.
هاوکات لە میانی رێوڕەسمەکەدا، پەرتووکێکی زانستیی نوێ لەژێر ناوی "شیردەرەکانی هەرێمی کوردستان" لەلایەن نووسەرەکانییەوە ناسێنرا، کە بە پاڵپشتیی کوردستان فاوندەیشن و لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و باوەڕپێکراو ئامادە کراوە.
ئامانجە ستراتیژییەکانی پڕۆژەکە پێکهاتوون لە:
- کۆکردنەوە و رێکخستنی زانیارییەکانی فرەچەشنیی زیندەیی هەرێمی کوردستان لە یەک سەرچاوەی هاوبەشدا.
- پێداچوونەوەی ورد بە زانیارییەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی دروستیی داتاکان.
- دابینکردنی سەرچاوەیەکی زانستیی گرنگ بۆ ئەکادیمیان و ژینگەدۆستان.
- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی لەبارەی سروشت و پاراستنی ژینگەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، تیشک خرایە سەر جۆرە دەگمەن و تایبەتەکانی کوردستان، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بوونەتەوە.
کوردستان فاوندەیشن لە رێگەی بەشی (Climate.KRD) بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئەم چوارچێوە زانستییەی گرتووەتە ئەستۆ. ئەمە پڕۆژەیەکی درێژخایەن و بەردەوامە، ئامانج لێی پاراستنی ئەو سەرچاوە سروشتییە بەنرخانەیە هەرێمی کوردستان خاوەنیەتی.