عومەر فەقێ بە تۆمەتی تەقەکردن و هەوڵی رفاندن دەستگیر کرا
عومەر فەقێ، کە لە نێو خەڵکدا ماوەیەک وەک بانگخواز ناسرابوو و دواتر دەستی بە کاری مامەڵەکردن لە کەرتی خانووبەرە کردبوو، بە تۆمەتی تێوەگلاون لە تاوانی تەقەکردن و پیلانگێڕی دەستگیر کرا. بە گوتەی ئاسایش، ناوبراو کەسێکی راسپاردووە کە بە ماتۆڕسکی دلیڤەری بچێتە بەردەم ماڵێک و تەقە لە ماڵەکە بکات.
دوای رووداوی تەقەکردنەکە، خاوەن ماڵەکە لای ئاسایش سکاڵای تۆمار کردووە و دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. لە سەرەتادا ماتۆرسوارەکە کە تەقەکەرەکە بووە دەستگیر کراوە، دواتر لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە دەردەکەوێت کە ئەو بانگخوازە قسەی لەگەڵ تەقەکەرەکە کردووە و نیشانەی ماڵەکەی بۆ دیاری کردووە تا تەقەی لێبکات؛ هەر لەسەر بنەمای ئەم بەڵگانەش، بانگخوازەکە دەستگیر کراوە.
جگە لەم رووداوە، ئاسایش رایگەیاندووە کە عومەر فەقێ پلانی دانابوو و داوای لە کەسێک کردبوو لە بەرامبەر بڕێک پارەدا کەسێکی دیکە بڕفێنێت، و ئێستا بەڵگە و دانپێدانانی تەواو بۆ ئەم دۆسیەیەش هەیە.
هۆکاری ئەو تاوانانە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی پێشوەختە لە نێوان بانگخوازەکە و ئەو ماڵەی کە تەقەی لێکراوە؛ چونکە پێشتر یەکێک لە کوڕەکانی ئەو ماڵە تەقەی لە نووسینگەی خانووبەرەی ئەو بانگخوازە کردبوو و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و لە دەرەوەی وڵاتە.