لە رانیە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز بۆ نەخۆشێکی تەمەن 100 ساڵە کرا

تیمی پزیشکی
تیمی پزیشکی

درەنگانی شەوی رابردوو، تیمێکی پزیشکی لە بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە، نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزیان بۆ نەخۆشێکی تەمەن 100 ساڵە کرد. نەخۆشەکە بەهۆی مەیینی خوێن لە خوێنبەرەکانی قاچیدا، رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی قاچی ببووەوە.

سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی پزیشکیی نەشتەرگەریەکە بە کوردستان24ـیان راگەیاند، نەخۆشەکە ئافرەتێکی تەمەن 100 ساڵە بووە و پێشتر قاچێکی بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە بڕدرابووەوە، بەهۆی کەمیی جووڵە و کەوتنە سەر جێگا، مەترسیی بڕینەوەی قاچەکەی دیکەشی هەبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو تیمە، خوێنبەرەکانی قاچی نەخۆشەکە بەهۆی مەیینی خوێنەوە تووشی کێشە ببوو، ئەوەش مەترسییەکی جددیی لەسەر ژیانی دروست کردبوو. نەخۆشەکە دانیشتووی قەڵادزێیە و دوای ئەوەی بەپەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، کاتژمێر 3ـی شەو نەشتەرگەرییەکەیان بە سەرکەوتوویی بۆ کرد و خوێنبەرەکانیان لە کڵۆتی خوێن پاککردەوە.

لە رووی زانستییەوە، مەیینی خوێن لەناو خوێنبەرەکاندا بە ترۆمبۆسیس دەناسرێت. لەم حاڵەتەدا خوێن لەناو خوێنبەرێکدا دەبێتە کڵۆت و رێگری لە رەوتی ئاساییی خوێن دەکات.

نیشانەکانی ئەم حاڵەتە لە قاچدا بریتین لە ئاوسان، ئازار، گەرمبوون و سووربوونی پێست. لە ئەگەری گواستنەوەی بەشێک لەو خوێنە مەییوە لە قاچەوە بۆ سییەکان، مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانی نەخۆش دروست دەبێت و دەبێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان مێشک.