مازن غەریب: کەمتەرخەمیی ئەمنی لە شەهیدکردنی دوو گەنجەکەی پردێ هەبووە
مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە رووداوی شەهیدکردنی دوو گەنجی کورد لە پردێ تەواو بووە، راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیران نێردراون، و لەبەر ئەوەی کەمتەرخەمیی لە لایەنی ئەمنییەوە هەبووە، ئەفسەر و سەربازە پەیوەندیدارەکان سزا دەدرێن."
مازن غەریب ئەندام پەرلەمانی عیراق بە کوردستان24ی راگەیاند، دۆسیەکە لە رێگەی یاساییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، هەم لە رووی مەدەنییەوە و هەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی سەربازیدا.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، لە لایەنی ئەمنییەوە کەمتەرخەمی هەبووە و ئەفسەر و سەربازە پەیوەندیدارەکان سزا دەدرێن.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە شەهیدکردنی دوو گەنجەکەی پردێ لەلایەن دژە تیرۆری عێراقییەوە، سەلمێندراوە کە کەمتەرخەمی لە هێزەکەی دژە تیرۆردا هەبووە و چەند ئەفسەرێک بەرپرسیارن لە رووداوەکە.
ئەمڕۆ 21 رۆژ بەسەر شەهیدکردنی دوو گەنجە کوردەکەی پردێدا تێدەپەڕێت، لەسەر رێگای سەرەکی پردێ-هەولێر پەردە لەسەر وێنەی ئەو دوو شەهیدە لادرا. لەگەڵ ئەوەشدا کەسوکاری شەهیدەکان هێشتا نیگەرانن و ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکۆڵینەوەکان تاوەکو ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی کردارەکیی نەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 27ـ ئەیلوولی 2026، لە ئەنجامی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ، وێڕای کوژرانی دوو چەکداری داعش هەرلەوێ مێرمنداڵێک کوژراو هاوکات مێردمنداڵێکی دیکە بە ناوی محەممەد هێمن، بێسەروشوێن بوو کە دواتر تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە.
دوای شەهیدبوونی ئەم دوو گەنجە، ناڕازایی زۆری لەلایەن هاووڵاتییان و پارتە کوردییە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکرد و هاووڵاتییانی پردێ خۆپێشاندانی فراوانی ناڕازایەتییان ئەنجامدا.