قەتەر بۆ ئێران: هەموو وڵاتان لە بڕینی ئینتەرنێت زەرەرمەند دەبن
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایدەگەیەنێت، پێویستە قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و داواش لە تاران دەکات هێرشەکانی لە گەرووی هورمز رابگرێت. جەختیش دەکاتەوە، بڕینی ئینتەرنێت زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیبراهیم بن سوڵتان هاشمی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی میدیا و پەیوەندی لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چارەسەری قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران پێویستە ئاشتییانە بێت و چەندە پەلە لە چارەسەرەکەدا بکرێت، هێندە بۆ ناوچەکە باشترە.
ئەو بەرپرسەی قەتەر ئاماژەی بەوە دا، پێویستە لایەنی ئێرانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی جێبەجێ بکات و گەرووی هورمز بکاتەوە.
هەروەها گوتی، پێویستە ئێران ئەو هێرشە نابەرپرسیارانەی لە گەرووی هورمز دەیکات رابگرێت، چونکە زیان بە ناوچەکە و گەلەکانی دەگەیەنێت.
لەبارەی ئەگەری پچڕانی هێڵی ئینتەرنێتی ژێردەریایی لە گەرووی هورمز، ئیبراهیم هاشمی ئەوەی خستەڕوو، هەموو وڵاتانی ناوچەکە گەورەترین زەرەرمەند دەبن لە کاتی بڕینی ئینتەرنێتدا، لە نێویاندا ئێرانیش زیانی گەورەی بەردەکەوێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، چارەسەری ئاشتییانە لەسەر مێزی گفتوگۆ تەنیا بژاردەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و روونیشی کردەوە، ئاسایشی گەرووی هورمز بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکان بۆ چارەسەری قەیرانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن و نەپچڕاون، بێوچان کار بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و رێگریکردن لە ئاڵۆزیی زیاتر دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەگەر گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا زیاتر ببن و بچێتە قۆناخی رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆ، ئەوا کێبڵە سەرەکییەکانی ئینتەرنێتی ژێردەریایی لە گەرووی هورمز دەکەنە ئامانج، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی قەتەر بێنە سەر خەت و هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری چڕتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە داخستنی گەرووی هورمز و دروستبوونی قەیرانێکی گەورەتر بگرن.