مەسرور بارزانی: هەرکات یەکێتی بیەوێت ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی ناوخۆیی، لەوانە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پاراستنی ژینگەی کوردستان و بەشداری دامەزراوە کوردییەکان لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکاندا.
بایکۆتکردنی پەرلەمان بێ وەفاییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵک
سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیران رەخنەی لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکان گرت و وەک "راکردن لە بەرپرسیارێتی" وەسفی کرد. لەم بارەیەوە رایگەیاند "ئێمە ئامادەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هەموو، بەتایبەتی ئەندامەکانی پەرلەمانە کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. حەقە وەفایان بەرامبەر بەو دەنگانە هەبێت و ئامادەبن لە پەرلەمان."
هەروەها گوتیشی "ئەگەر بیانەوێ لەوێ باسی پرۆژەی سیاسیش بکەن، دەکرێ لە پەرلەمان ئەو گتوگۆیانە بکرێن. بەڵام بایکۆتکردنی پەرلەمان بەڕاستی راکردنە لە بەرپرسیارێتی، بێ وەفاییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵکی کوردستان."
مەسرور بارزانی هیوای خواست پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و گوتی "هیوادارم هەموو پەرلەمانتارێک لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی بێ، پەرلەمان کارا بکەنەوە. وە ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە ئەو بەڕێزانە جارێکی تر بگەڕێنەوە پەرلەمان و یەکەم هەنگاویش بێ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و هیوادارین بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی کوردستانیش."
ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لە وەڵامی پرسیارێکی شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەیی حزبەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، ئەوان چاوەڕوانی لایەنی بەرامبەرن.
لەو باریەوە رایگەیاند "ئێمە چاوەڕێ بووین کۆبوونەوەیەک بکرێ بەڵام بەهەندێ هۆکار دواخراوە و با بزانین، ئێمە چاوەڕێین هەر کاتێک ئەوان ئامادەبوون ئێمە ئامادەین لە هەر کاتێکدا ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین."
پڕۆژەی تۆمارکردنی ئاژەڵ و رووەکەکانی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران باسی لە گرنگی ژینگەپارێزی و پرۆژەی تۆمارکردنی ئاژەڵ و رووەکەکانی کوردستان کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد بەشداربن تێیدا "تۆمارکردنی ئەم داتایانە بۆ ئەوەیە هەم لە رووی زانستییەوە توێژەران و ئەکادیمییەکان بتوانن کارێکی زیاتر لەسەر ئەو ئاژەڵ و رووەکانە بکەن کە لە کوردستاندا هەن، ئەمە لە رووی زانستییەوە گرنگە، بۆ قوتابخانەکان گرنگە، بۆ توێژەران گرنگە، وە بۆ ژینگەی کوردستانیش، جوانی و سروشتی کوردستان گرنگە."
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد و گوتی "لێرەدا داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم گرنگی بە ژینگەپارێزی بدەن، بە سروشتی جوانی کوردستان بدەن، وە دەتوانن یارمەتیدەری ئەم پرۆژەیەش بن خۆیان. هەر کەسێک توانی شتێک تۆمار بکا یان وێنەی جوانی ئەو ئاژەڵانە یان رووەکێکی نوێ بدۆزێتەوە دەتوانن هاوئاهەنگ بن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر یارمەتی ئەم پرۆژە گرنگە نیشتمانییە بدەن."
بەشداری دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکاندا
سەبارەت بە بەشداربوونی "کوردستان فاوندەیشن" لە کۆنفڕانسی جیهانیی ژینگەیی (COP17) لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، سەرۆکوەزیران وێڕای هیوای سەرکەوتن بۆیان، جەختی لە پێگەیشتنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
مەسرور بارزانی گوتی "جارێ ئەمە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هیوادارم سەرکەوتوو بن و بەشدارییان بێگومان ئاستی پێگەیشتنی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی نیشان دەدا. وە داوەتکردنیان لەم جۆرە کۆنفڕانسانە، ئەمە گرنگیدانە بەو موئەسەساتەی کە لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتوون و دەتوانن کار لەم بوارانەدا بکەن."