رۆیتەرز: ئێران هەوڵدەدات لە هەڵبژاردن شکست بە ترەمپ بهێنێت

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ئاشکرای کرد کە تاران بە ئەنقەست دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتن درێژە پێ دەدات بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەم، هاوکات بەهۆی نەمانی متمانە و ترسی سەرهەڵدانەوەی هێرشی سەربازی، تاران ئامادە نییە بە خێرایی بچێتە نێو هیچ رێککەوتنێکەوە.

سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز کە پشتی بە لێدوانی سێ بەرپرسی باڵا و سەرچاوەیەکی ئێرانی بەستووە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران باوەڕیان وایە کە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی جەنگی هەشت مانگەی نێوانیان، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان دەکات.

بەرپرسێکی باڵای ئێران لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئێران خۆی بۆ هێرشی نوێی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامادە دەکات، نەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە؛ دەسەڵاتی ئێران سوورە لەسەر ئەوەی هیچ سەرکەوتنێکی سیاسی بە ترەمپ نەبەخشێت."

هەروەها سەعید لەیلاز، چاودێری سیاسی لە تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی "بەبێ ئەنجامدانی هیچ کارێکی نایاسایی و تەنیا لە رێگەی کاتکوشتن لە گفتوگۆکان، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دروست دەکات."

ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستی پێکرد، جەماوەریی ترەمپی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە. راپرسییەکان دەریدەخەن کە دەنگدەرانی ئەمەریکا نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و ئەگەری زۆرە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا سزای کۆمارییەکان بدەن. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بەردەوام دەڵێت دوای هەڵبژاردن نرخەکان دادەبەزن، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نەخستووەتەڕوو کە بە کردەیی لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.

لە کاتێکدا واشنتن لەژێر گوشاری ئیسرائیلدا داوا دەکات لە سەرەتای دانوستانەکانەوە دۆسیەی ئەتۆمی لەسەر مێز بێت، بەڵام تاران سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت مەرجەکانی پلانی حەوت رۆژە پێشوەختە جێبەجێ بکرێن.

تاران لە رێگەی دەوحەوە پێشنیازی کردووە کە لە ماوەی حەوت رۆژدا گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بکاتەوە، بەو مەرجەی ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، سزاکانی هەناردەی نەوتی ئێران سووک بکات، دەست بەسەرداگرتنی سەرمایە بلۆککراوەکانی تاران هەڵبوەشێنێتەوە و شەڕ لە تەواوی بەرەکاندا رابگرێت؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دووپاتی کردەوە کە ئەو پێشنیازە هێشتا کاری پێ دەکرێت.

هۆکاری بێمتمانەیی تاران بە واشنتن

بەرپرسێکی ئێرانی روونی کردەوە کە بێمتمانەیی تاران بە واشنتن بۆ ئەزموونەکانی پێشوو دەگەڕێتەوە؛ لەوانە لە حوزەیرانی 2025 هێرشێکی ئیسرائیل گەڕی شەشەمی گفتوگۆیە ئەتۆمییەکانی لە عومان پەکخست، هەروەها لە شوباتی ئەمساڵیشدا، رێک دوای تەواوبوونی گەڕێکی دانوستانەکان، ئەمەریکا و ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران هەڵگیرساند.

ئەلێکس ڤاتانکا، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن رایگەیاند: کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە تاران پێیوایە ترەمپ لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ دایە و بەدوای رووخاندنی دەسەڵاتداری ئێرانەوەیە." لەم چوارچێوەیەشدا سێ بەرپرسی ئیسرائیلی ئاشکرایان کرد کە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دوێنێ دووشەممە لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا لەگەڵ ناتانیاهۆ دۆسیەی ئێرانی تاوتوێ کردووە، ئەوەش تەنیا هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل.

باجی ئابووری بۆ سەر ئێران


سەرەڕای بەکارهێنانی کارتی کات لەلایەن تارانەوە، بەڵام ئەم سیاسەتە بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر ئابووریی ئێران؛ بەپێی ئاماری فەرمیی تاران، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 73.6% و بەهای ریاڵیش بە رێژەی 35% دابەزیوە، هاوکات داتاکانی دەزگای وزەی ڤۆرتێکسا دەریدەخەن کە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە رێگەی دەریاوە لە نیوەی مانگی ئەیلوولەوە بۆ ئاستی سفر دابەزیوە.

سەعید لەیلاز، چاودێری سیاسی لە تاران دەڵێت: بەهۆی قووڵبوونەوەی بێمتمانەیی، گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەگەڵ ئەمەریکا، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتیی ترەمپیش، زۆر ئەستەمە و هیچ شتێک بۆ دۆخی پێش جەنگ ناگەڕێتەوە.

رووداوێکی نوێی دەریایی لە کەناراوەکانی عومان

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، راپۆرتێکی لەبارەی رووداوێکی ئەمنی پێگەیشتووە کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر و هێزە سەربازییەکان لە دووریی 121 میل لە ڕۆژهەڵاتی بەندەری "دوقم" لە کەناراوەکانی عومان تێیدا بەشدار بوون، ئاماژەی بەوەش داوە کە کەشتییەکە رووبەڕووی لێکەوتەی ئەو چالاکییە سەربازییانە بووەتەوە کە لە ناوچەکەدا بەردەوامییان هەیە.