سەرۆک بارزانی و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی و هاوبەشییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و هەردوولا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیان خستە بەرباس.
 
 ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شتێفان ڤێنت بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا لە هەولێر کرد.

بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، لە دیدارەکەدا شتێفان ڤێنت خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەرکی تازەی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی بۆ کراوەیی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان هەبوو.

 هەروەها ئەوەشی راگەیاند، یەکێتیی ئەوڕوپا بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە پێگە و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و خۆی بە پشتیوان و هاوبەشی هەرێم دەزانێت.

بارەگای بارزانی باسی لەوە کردووە، هەر لەو دیدارەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بیروڕاش لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.