بەقایی: پەیوەندیمان لەگەڵ رووسیا و چین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێککەوتنی روونە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت کە سەردەمی لێدان و بێدەنگبوون بەسەرچووە و تاران هیچ هێرشێکی ئەمەریکا بێ وەڵام ناهێڵێتەوە، هاوکات هۆشداریی دایە وڵاتانی ئیسلامی لە ئەنجامدانی هەر دەستوەردانێکی سەربازی لە یەمەن، و جەختیشی لە پتەویی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ چین و رووسیادا کردەوە.
سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، ئەو دەنگۆیانەی بە خەیاڵپڵاوی وەسف کرد کە گوایە تاران لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکادا دان بە خۆیدا دەگرێت و بێدەنگ دەبێت، گوتیشی: ئایا کەسێک هەیە بڕوا بەوە بکات ئێران بە لایەنی ئەمەریکی بڵێت ئێوە لە ئێمە بدەن و ئێمەش بێدەنگ دەبین گوێتان لێ دەگرین؟! دەمێکە راگەیەندراوە کە سەردەمی لێدان و هەڵاتن کۆتایی هاتووە. ئەگەر ئەو کاتە تەنیا وەک هەڵوێست بووبێت، ئەوا لەم دوو ساڵەی رابردوودا لە کردەوەدا سەلماندمان کە بە هیچ شێوەیەک هیچ گورزێک بێ وەڵام جێناهێڵین؛ ئەگەر گورزی ئێمە بەهێزتریش نەبێت، بە دڵنیاییەوە بە هەمان قەبارەی هێرشەکانیان باجەکەی دەدەن.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی یەمەن و تاوتوێکردنی بڕیاری پێدانی مۆڵەتی سەربازی بە سوپای میسر بۆ پشتیوانیکردنی سعوودیە، بەقایی رایگەیاند: ئاسایش و سەقامگیری لە نیمچەدوورگەی عەرەبی بۆ ئێران و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە گرنگە، بەڵام هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی زیاتر بە سوودی ئاشتی نازانین و تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆی نێوان عەباس عێراقچی و هاوتا میسرییەکەیدا، تاران بە روونی هەڵوێستی خۆی گەیاندووە کە پێویست ناکات وڵاتانی ئیسلامی دەستوەردانی سەربازی بکەن، بەڵکوو دەبێت پرسی یەمەن لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای ئەو نەخشەڕێگەیەی چەند ساڵ پێش ئێستا رێککەوتنی لەسەر کراوە چارەسەر بکرێت.
لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە باسی لە کەنارگیربوونی رووسیا و چین لە بەرامبەر دۆسیەی ئێراندا کردبوو، بەقایی گوتی: "پەیوەندیی ئێران لەگەڵ رووسیا و چین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە. ئێمە خۆشباوەڕ نین و باش دەزانین کە هەموو وڵاتێک بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمەش بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ مۆسکۆ و بەیژینگ پێناسە کردووە و رێککەوتننامەی روونمان هەیە، بەبێ گوێدانە قسە و لێدوانی ئەوانی دیکەش، سوورین لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تەوەرێکی دیکەدا، ئاماژەی بە پەندێکی دێرین کرد و وەک پەیامێک ئاراستەی نەیارانی کرد گوتی: "ئامۆژگارییەک هەیە و دەڵێت؛ ئەگەر دوژمن یان رکابەرەکانت سەرقاڵی ئەنجامدانی هەڵەیەکی گەورە بوون، هەرگیز هەوڵ مەدە لە کارەکەیاندا بیانوەستێنیت."