فازڵ میرانی بۆ کوردستان24: سبەی شاندێکی پارتی دەچێتە بەغدا
فازڵ میرانی، رایگەیاند، پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە وریایی و بەرپرسیارییەتییەکی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجە و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزیرەکانمان و پەرلەمانتارانی کوردستان و کورد بە گشتی لە بەغدان، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەڤاڵانی دیکەشمان بە بەرپرسیارییەتییەوە سبەی دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن، چونکە کەیسێکی زۆر گرنگە."
سەبارەت بە بوونی هەر مەترسییەک لەسەر کەمکردنەوەی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد: "تاوەکو کورد بە تەواوی ئازاد نەبێت، ئەم جۆرە مەترسییانە بەردەوام لەسەری دەمێننەوە."