لە کەمپی دۆمیز بەهۆی تەزووی کارەباوە کرێکارێک گیانی لەدەست دا
لە کەمپی دۆمیز لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە کاتی کارکردندا تەزووی کارەبا دوو کرێکار دەگرێت و بەهۆیەوە یەکێکیان گیان لەدەست دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، کیڤی رەجەب، پارێزەری لقی دهۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتی کارکردندا لەنێو کەمپی دۆمیز، دوو کرێکار تووشی تەزووی کارەبا بوون و بەهۆیەوە یەکێک لە کرێکارەکان دەستبەجێ گیانی لەدەست دا."
ئەو پارێزەرەی سەندیکای کرێکاران ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو قوربانییەی گیانی لەدەست داوە ناوی (محەمەد ساڵح ڕەمەزان)ـە و تەمەنی 26 ساڵە و سەڵت بووە (هاوسەرگیریی پێکنەهێناوە).
روونیشی کردەوە، پاش گەیاندنی تەرمەکەی بە پزیشکی داد و ئەنجامدانی توێکاریی پزیشکیی پێویست، تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
هاوکات کیڤی رەجەب نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئاشکرای کرد، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە سنووری پارێزگای دهۆک لە کاتی کارکردندا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.