پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان24: مووچەی فەرمانبەران زامن کراوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا غەدر لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و لەبری 14.4% پشکی هەرێم بۆ 12% یان کەمتر دانراوە، ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا تیمی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکاتەوە. هاوکات دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی زامن کراوە.

سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بە کوردستان24ی راگەیاند: پڕۆژەیاساکە تاوەکوو ئێستا نەچووەتە نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵکوو تەنیا لە ئەنجوومەنی وەزیران حازر کراوە و لە گفتوگۆدایە، بەڵام ئەوەی کە ئامادە کراوە بە دڵنیاییەوە بە دڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە ڕەچاوی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی ئاماژەی بە رێژە و ژمارەکان کرد و گوتی: "لە مەسەلەی سەرژمێریی دانیشتوواندا، دیسان غەدرێکی دیکە کراوە؛ لەبری 14.4% هاتووەتە سەر 12% و کەمتر لەوەش دانراوە، بۆیە ئێمە داوا دەکەین کە پشکی هەرێم بەپێی ئەو سەرژمێرییە دیاری بکرێت کە حکوومەتی فیدراڵ خۆی سەرپەرشتیی کردووە و ئەنجامی داوە. هەرێمی کوردستان هەر بەرپرسیارییەتێکی لەسەر شانی بووبێت بەجێی گەیاندووە و دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتووانەکەی مافی خۆی لە بەشەبودجەدا پێ بدرێت.

پێشەوا هەورامانی ئاشکرای کرد کە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی هەرێم لەو رەشنووسەدا: تیمی ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 24 کاتژمێری داهاتوودا، جارێکی دیکە رووبەڕوو لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەست بە گفتوگۆ دەکەنەوە و هەوڵ دەدەین ئەوەی مافی دەستووریی خەڵکی کوردستانە بچەسپێنین.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەت دڵنیایی تەواوی دا و گوتی: وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زامن کراوە و پابەندن بە ناردنیەوە لە کاتی خۆیدا.

هەورامانی جەختیشی کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە؛ چ لە دۆسیەی نەوت، چ لە داهاتی نانەوتی و رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە، هەروەها سەرجەم پابەندییە تەکنیکییەکانی دیکەش کە وەزارەتی دارایی داوای کردبوون جێبەجێ کراون، بۆیە هیچ کێشەیەک لەسەر مووچە نییە، خیلافەکەمان لەسەر مووچە نییە و بەوهیوایەش هیچ گرفتێکیشی بۆ دروست نابێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، پێشەوا هەورامانی هۆشداری دا لەوەی گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان هەمیشە سەخت بووە و گوتی: "پێش ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆمان بدوورن، پێویستە هەموومان وەک کورد بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین. دەبێت تەواوی فراکسیۆن و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق یەکدەست بن بۆ پاراستنی مافی خەڵکی کوردستان، تاوەکوو وەک ساڵانی رابردوو لێنەیەت کە بە ناڕەحەتییەکی زۆردا تێپەڕین و پشکێکی زۆری هەرێم خورا و دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران برا.