ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئەستەمە ساڵی داهاتوو بازاڕی نەوت ئاسایی ببێتەوە

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی بەردەوامیی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزمانەوەی نرخەکانی وزە لە سەرووی 100 دۆلار، ئەگەری زۆر کەمە ساڵی داهاتوو بازاڕی نەوتی جیهانی بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەبارەی گواستنەوەی وزە رایگەیاند: بە شێوەیەکی کەسی، هیچ رێگەیەکی باوەڕپێکراو نابینم کە ساڵی 2027 ببێتە ساڵی ئاساییبوونەوەی بازاڕی نەوت، بەتایبەت دوای ئەو پەککەوتنەی لە هەناردەی نەوتی کەنداو دروست بوو بەهۆی هێرشەکانی شوباتی رابردووی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانان نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی لە خوار 70 دۆلارەوە بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزکردووەتەوە. هاوکات زیانگەیشتن بە پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتانی کەنداو، نرخی گازوایل و دیزڵی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز کردووەتەوە.

لە وەڵامی ئەم تەنگژە جیهانییەدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بڕیاری داوە بە خستنەڕووی نزیکەی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیجیی وڵاتانی ئەندام، بیرۆلیش ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر قەیرانەکە قووڵتر ببێتەوە ئەگەری دەردانی بڕی زیاتریش لە ئارادایە و گوتی: "خستنەڕووی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت هەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام ئەمە تەنیا 20%ی ئەو یەدەگەیە کە لەبەردەستماندایە و 80%ی هێشتا پارێزراوە."

هەڕەشەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی بیمەی گواستنەوەی دەریایی، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بڕی هەناردەکردنی نەوت تا رادەیەک گەیشتووەتەوە ئاستی پێش سەرهەڵدانی جەنگەکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای کردووە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا پاشەکشە بکات، سەرەڕای هۆشداریی بەردەوامی زانایان لەبارەی مەترسیی سووتاندنی سووتەمەنیی بەردینی بۆ سەر گەرمبوونی زەوی.

بیرۆل جەختی کردەوە: لە دۆخێکی ئاساییدا پێویست بوو جیهان گرنگیی زیاتر بەم بابەتە بدات، بەڵام لە ئێستادا دەبینین سەرەڕای روودانی چەندین کارەساتی سروشتی و سەختی کەشوهەوا لە جیهاندا، بایەخدان بە پرسی ژینگە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.