یەشار گولەر: تا ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر دەبێت هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە

وەزیری بەرگریی تورکیا رایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی لەسەر بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئاسایشی سنوورەکانی بە تەواوی دەستەبەر دەکرێت، ئاماژە بەوەش دەکات تەنیا لە کاتی دابینبوونی مەرجە ئەمنییەکاندا پێداچوونەوە بە دۆخی بنکە سەربازییەکانیاندا دەکرێت.

سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) رایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی بوونی سەربازیی خۆمان لە عێراق و سووریا. کاتێک هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەوە کرد کە مەرجە پێویستەکان لە رووی ئاسایشی هەرێمی و سنوورییەوە بەدی هاتوون، ئەوکات پێداچوونەوە بە دۆخی ناوچە و بنکە سەربازییەکانمان لە ناوچەکەدا دەکەین."

یەشار گولەر باسی لەوە کرد کە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی نوێ لە دیمەشق، ئەنقەرە هەماهەنگییەکی نزیکی ئەمنیی لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریادا دەستپێکردووە تاوەکوو تواناکانی سوپای ئەو وڵاتە بەهێز بکرێن و ئاسایشی سنوورەکانیش بپارێزرێن.

وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی: "تەنیا کاتێک هەڕەشەی تیرۆر بە تەواوی لە ناوچەکەدا بنبڕ دەکرێت، ئاسایشی سنوورەکان دەستەبەر دەبێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بێ جیاوازی لە سەرانسەری خاکی سووریادا بەرقەرار دەبێت، ئەوکات پێداچوونەوە بە دۆخی هێزەکانماندا دەکرێت."

گولەر ئاماژەی بەوەش دا کە هەر بڕیارێک لەبارەی داهاتووی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، بە لەبەرچاوگرتنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا، لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و دۆخی ئەمنیی سەر زەوی دەبێت.

سەبارەت بە عێراق، گولەر ئامادە نەبوو ژمارەی فەرمیی سەربازانی وڵاتەکەی لە خاکی عێراق و سووریادا ئاشکرا بکات کە سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیان لە نێوان 800 بۆ 1,000 سەرباز مەزەندە دەکەن، و روونی کردەوە، قەبارەی هێزەکانیان لەسەر بنەمای پێویستیی مەیدانی و ئاستی هەڕەشەکان دیاری دەکرێت نەک تەنیا ژمارەی سەربازەکان.

لەبارەی هەنگاوەکانی چارەسەری و پڕۆسەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەکەکە بە تەواوی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی جێبەجێ بکات دوای ئەوەی ساڵی رابردوو چەکەکانیان بە شێوەیەکی سیمبولی لەناوبرد و لەم مانگەشدا لە چوار بنکەی سەرەکیی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کشانەوە، هاوکات هۆشداریی دا بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە بە مانای سستکردن یان کەمکردنەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان نایەت.

یەشار گولەر ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەکداماڵینی میلیشیاکان، بەتایبەت ئەو هەنگاوانەی کە لە ناوچەی شنگال نراون، لە کاتێکدا عێراق وادەی 30ی حوزەیرانی دیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی گرووپە چەکدارەکان دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان.

وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی ئامادەیە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ کۆنترۆڵی بنکەی سەربازیی بەعشیقە لە نزیک مووسڵ رادەستی سوپای عێراق بکاتەوە، و پلانیان هەیە هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە داهاتوودا سەرپێ بخەن.