هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی قەییومەکان و ئازادکردنی زیندانیان دەکات

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنە لە سیاسەتی حکوومەتی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، "ئاشتی لە هۆڵی چاوەڕوانیدا راناگیرێت و نابێت بە مەرج و بەهانەی هەفتانە و مانگانە ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدرێت." هاوکات ئاشکرای کرد، بەپێی زانیارییەکانیان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هیچ چەکدارێکی پەکەکە لەنێو خاکی تورکیا نەماوە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاماژەی بەوە کرد "شەڕ و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، چیتر هیچ پێشهاتێک لە سنووری ئەو وڵاتەدا نامێنێتەوە تێیدا روودەدات، کەس شەڕێکی گەورەی ناوێت، بەڵام بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینەش هەنگاوی پێویست نانرێت."

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی دەسەڵاتی ئەنقەرە گرت و رایگەیاند "زیاتر لە دوو ساڵە بە قۆناخێکی گرنگدا تێدەپەڕین، هەنگاوی گەورە نراون؛ دوایین هەنگاو لە 8ـی تشرینی یەکەم بوو بە بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیا، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە (پەکەکە) ڕایگەیاند کە یەک ئەندامیشیان نەماوە و بنکە و کەمپەکانیان چۆڵ کردووە، چەک سوتێنرا و بڕیاری کشانەوە جێبەجێ کرا. ئێستا کۆمەڵگە بە هەقی خۆی پرسیار دەکات: چیتر ماوە تا بیکەن؟ ئێوە چاوەڕێی چی دەکەن؟ دەسەڵات دەبێت لە دەربڕینی نیاز دەربچێت و بچێتە قۆناغی بڕیاردان."

دەشڵێت "خەڵک لە ئێمە دەپرسن؛ کەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەلومەرجی پەیوەندی و ژیانی ئازادانەی بۆ دەڕەخسێنرێت؟ کەی دەتوانێت راستەوخۆ پەیام ئاراستەی رای گشتی بکات؟ کەی زیندانەکان چۆڵ دەکرێن و دەرکراوەکان دەگەڕێنەوە؟ کەی قەییومەکان لادەبرێن و ئەحمەد تورک و هاوسەرۆکانی شارەوانیی سێرت و سەرۆکە هەڵبژێردراوەکان دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان؟ پێویستە دەرگای پەرلەمان بکرێتەوە، یاسای پێویست دەربکرێت، دەستبەرداری سیاسەتی سەپاندنی قەییوم بن و یاسا نەکرێتە داری دەستی دەسەڵات."

هاوکات داوای پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەتی کرد و گوتی "پێویستە بەبێ دواکەوتن 'دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن' بە هەماهەنگیی ئۆجەلان دابمەزرێت. چەکدانان تەنیا بە دەربڕینی نیاز کۆتایی نایەت، بەڵکو میکانیزمێکی پێویستە. ئەوانەی لەم دەستەیەدا کار دەکەن دەبێت 24 کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان لە پەیوەندیدا بن، چونکە بە گفتوگۆکردن بە چەندین هەفتە جارێک، پرۆسەکە بەڕێوە ناچێت." دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆن، تونجەر باکرهان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی پڕۆسەی چەکدانان و کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (MGK) لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، گوتی "هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە تورکیادا نەماوە. لە هەولێریش بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

جەختیان لەوە کردەوە کە لەسەر سنوورەکانی تورکیا هیچ خاڵێک نەماوە هەڕەشە بێت و هێزەکان لە کەمپەکان کشاونەتەوە و چۆڵیان کردوون."