واشنتن ڤیزای سەدان هەزار بیانی هەڵدەوەشێنێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپەوە، زیاتر لە 300 هەزار ڤیزای هاووڵاتییانی بیانی هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش وەک خێراترین و بەرفراوانترین پرۆسەی کێشانەوەی ڤیزا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار دەکرێت.

سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی: راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر و بە شێوازێکی خێراتر لە هەر ئیدارەیەکی دیکە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، خەریکی کێشانەوە و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بیانییەکانە.

گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، زیاتر لە 300 هەزار ڤیزای هاووڵاتییانی بیانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

پیگۆت لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، واشنتن بە هیچ جۆرێک لێخۆشبوون بەرامبەر بەو هاووڵاتییە بیانییانە نانوێنێت کە یاساکان پێشێل دەکەن، یاخود دەست دەدەنە ساختەکاری و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.

هاوکات دووپاتی کردەوە، کە ئیدارەی ئەمریکا لە گرتنەبەری تەواوی رێکارە پێویستەکان بەردەوام دەبێت بۆ زامنکردنی ئاسایشی وڵات و تۆکمەکردنی سنوورەکانی.