بازرگانیی هەرێم: ئەو بریکارانەی برنجەکەیان کەڕووی گرتووە قەرەبوو دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دوای بەدواداچوون بۆ کێشەی کەڕووگرتنی بەشەخۆراکی برنج لە زاخۆ، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و سەرجەم ئەو بریکارانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "دوای بەدواداچوونەکانمان دەرکەوت چەند فەردە برنجێکی یەکێک لە بریکارەکانی خۆراک لە زاخۆ کەڕووی گرتبوو، هەر زوو هەوڵی چارەسەرکردنمان دا و سەرجەم بریکارەکانمان ئاگادار کردەوە لەکاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی هاوشێوەدا دەستبەجێ ئاگادارمان بکەنەوە."

دەربارەی هۆکاری تێکچوونی برنجەکە، نەوزاد شێخ کامیل روونی کردەوە، ئەو بریکارانە بە تەواوی قەرەبوو دەکرێنەوە، هۆکاری کەڕووگرتنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەکاتی هێنانیان لە رێگەی پاپۆڕەوە، ژمارەیەکی زۆری فەردەکان لەسەر یەک دانراون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شێ و تەڕبوون و لە ئەنجامدا کەڕووی گرتووە.

سەبارەت بەوەی ئایا پێشتریش کێشەی لەمشێوەیە تۆمار کراوە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد "پێشتریش ژمارەیەک حاڵەتی هاوشێوە هەبووە، بەڵام چارەسەر کراون و بەشەخۆراکە تێکچووەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ بەغدا و لە بەرامبەردا برنجی شیاو و نوێ قەرەبوو کراوەتەوە."

نەوزاد شێخ کامیل باسی لە میکانیزمی پشکنینی بەشەخۆراکەکە کرد و گوتی "لەبەر زۆریی رێژەکە، لە ڕووی کردارییەوە ناتوانرێت پێشوەختە یەک بەیەک هەموو فەردەکان هەڵبدرێنەوە و بپشکنرێن، بەڵام رێنمایی دراوەتە هەموو بریکارەکان کە لە کاتی دابەشکردن و هەڵدڕینی فەردەکاندا، سەیری ناو ماددە خۆراکییەکان بکەن و بیپشکنن، تا هەر بابەتێکی نەشیاو هەبێت راستەوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار بکرێنەوە."

ئەم روونکردنەوەیەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی دوای ئەوە هات، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە کە تێیدا بریکارێکی دابەشکردنی خۆراک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کردبوو، ژمارەیەک لەو فەردە برنجانەی بۆ بەشەخۆراکی مانگانە بۆیان هاتووە کەروویان کردووە و داوای چارەسەرکردنی بەپەلەی کێشەکەی کردبوو.