موحسین رەزایی: دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراو نابین

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، رایگەیاند: وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی رەت دەکاتەوە و، تەنانەت یەک گەردیلەشی لێ ناداتە دەست هیچ لایەنێک. هاوکات دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکیشی لەگەڵ واشنتن بە مەرجی دروستکردنی متمانە و قبووڵکردنی داواکارییەکانی تارانەوە بەستەوە.

سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە میانەی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێندراوەکانی نابێت و هیچ بڕێکی لێ نانێرێتە دەرەوە، تەنانەت یەک گەردیلەش.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، سەرمایەکی گەورە و سامانێکی نیشتمانییە،  بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی وڵات تەرخان کراوە.

رەزایی دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەکیشی لەگەڵ واشنتن بە مەرجی دروستکردنی متمانە و قبووڵکردنی مەرجەکانی تارانەوە بەستەوە. بێ ئەوەی لە لێدوانەکانیدا وردەکاریی ئەو مەرجانە ئاشکرا بکات.

لای خۆیەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان چارەکردنی کێشەی سنووریی نێوان ئێران و پاکستانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممەوە دەروازەکان دەکرێنەوە. بێ ئەوەی هۆکاری داخرانەکەی ڕوون بکاتەوە.

ئەم هەڵوێستەی تاران گورزێکی گەورە لە یەکێک لە دیارترین پێشنیارەکانی چارەسەری قەیرانی ئەتۆمی دەوەشێنێت کە بریتییە لە هەناردەکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ دەرەوەی ئێران.

پێشتریش مۆسکۆ لە مانگی شوباتی رابردوودا، ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو یۆرانیۆمە دووپات کردبووەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی واشنتن، هاوکات محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش لە سەرەتای ئەم مانگەدا پێداگریی تارانى لەسەر بەردەوامیدان بە پیتاندن و رادەستنەکردنی کۆگاکانی دووپات کردبووەوە.

لە بەرامبەردا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەم مانگەدا رایگەیاندبوو، کە پێویستە ئێران کەمکردنەوەیەکی بەرچاو لە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمدا جێبەجێ بکات تا داواکارییەکانی واشنتن پڕ بکرێنەوە و جەنگ کۆتایی بێت؛ ئەمەش بە روونی قووڵیی بۆشایی و ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە ئاییندەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشان دەدات.