دەیڤد تافووری: کەرتی گاز، کانزاکاری و تەکنۆلۆژیا دەرفەتی گەورە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڕەخسێنن

دەیڤد تافووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان لە هەڤپەیڤین لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەهۆی ژینگە ئەمنی و یاساییەکەیەوە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیا بیانییەکان؛ هەروەها ستایشی گەشەپێدانی زاخۆی کرد و پرۆژەی "هەژماری من"ـی بە هەنگاوێکی ژیرانە بۆ رێکخستنی کەرتی دارایی وەسف کرد.

کوردستان24: بەخێربێت؛ ناوبەناو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەیت و گۆڕانکارییەکان دەبینیت، گۆڕانکارییەکانی ئەمجارەت کە بینی چی بوون و چۆن بوون؟

دەیڤد تافووری: پێش هەموو شتێک، گەشەسەندنێکی زۆر دەبینیت؛ باڵەخانەی نوێ، چێشتخانەی نوێ، هۆتێلی نوێ، و ئەمەش زۆر دڵخۆشکەرە کە دەیبینیت، چونکە دەزانین لە وڵاتانی دراوسێماندا جەنگ لە ئارادایە. هەروەها ئاستەنگ هەبووە لە وەرگرتنی شایستە داراییەکان و بەدەستهێنانی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان، هاوکات کۆمپانیاکانی نەوت و گازیش کە بەشێک لە داهات یاخود بەشێکی زۆری داهاتی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگ بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەرێمی کوردستان شوێنێکە کە خەڵک دەیانەوێت کاری بازرگانیی تێدا بکەن؛ ئابووری بەرەو پێشەوە دەڕوات، هەروەها بە بڕوای من، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە ناوەندێک بۆ کار و بازرگانیی، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان لێرە لە هەولێر، بەڵکو وەک ناوەندێکی بازرگانیی بۆ سەرتاسەری ناوچەکە.

کوردستان24: کام گۆڕانکارییە زیاتر دڵخۆشی کردی ؟

دەیڤد تافووری: بۆ نموونە، ئێمە لە زاخۆ بووین، ئەو ئاوەدانکاریی و گەشەپێدانەی لە کەناری رووبارەکەدا کردوویانە بێوێنەیە، ئاستێکی زۆر بەرزە (پلە یەکە)، و پێموایە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ [گوهدار شێخۆ] هەوڵی داوە کارێک بۆ خەڵکی ئەوێ بکات کە بتوانن چێژی لێ ببینن.

بۆیە خەڵکمان بینی لە شەقامەکاندا دەگەڕان و چێژیان لەم شوێنە نوێ و جوانە و چێشتخانە نوێیەکان وەردەگرت، ئەو دیدگای ئەوەی هەیە کاری زۆر زیاتریش لەوێ بکات. من پێموایە ئەوە هۆکارێکی گەورەی راکێشانی گەشتیارییە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ئەو خەڵکەشی کە لەوێ دەژین گرنگە تاوەکو ژینگەیەکیان بۆ بڕەخسێنێت کە هانیان بدات بۆ کارکردن و کۆشش، و شوێنی کۆبوونەوە و جێگەی زۆر باشیان هەبێت بۆ یادکردنەوە و ئاهەنگگێڕان.

پێموایە ئەوە مۆدێلێکی زۆر باشە بۆ شوێنەکانی دیکەی عێراق. بۆ نموونە هیچ شتێکی لەم شێوەیە لە بەغدا نییە. بۆچی نەبێت؟ بەغدا پارەیەکی زۆری هەیە، بەغدا رووبارێک رێک بە نێویدا تێدەپەڕێت وەک زاخۆ. کەواتە رەنگە ئەمە ببێتە مۆدێلێک بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.

کوردستان24: بێگومان زاخۆ ناوەندێک و سروشتێکی جوانی هەیە؛ پێتوایە ئەم گۆڕانکارییانە بەرهەمی کێن و چین کە دروست بووە، و جیاوازییەکە بەدەردەکەوێت بەراورد بە عێراق؟

دەیڤد تافووری: پێموایە تاوەکو رادەیەک ئەمە بەهۆی ئەوەوە روویداوە کە هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ خەڵک. سیستمێکی یاسایی باش و سەروەریی یاسای هەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم هەر زوو لە دوای رزگارییەوە کاریان کرد بۆ دەرکردنی یاساگەلێک کە پاڵپشتی لە وەبەرهێنان بکات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی بخەنە هەمان ئاست و پێگەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، و کۆکردنەوەی ئەمانە سەروەریی یاسا لەگەڵ ژینگەیەکی ئەمنیی باشتر لێرە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە تەواوی عێراق، پێموایە ئەمە رێگەی سەرکەوتنە.

کوردستان24: لە دیدارەکەتان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باس لەو ئاسانکارییانە کرا کە بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان کراوە، کەواتە ئەو ئاسانکارییانە چ کاریگەرییەکی لەسەر زیاد کردنی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لێرە هەبووە،

دەیڤد تافووری: وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرکانی ئەمریکا - کوردستان کە رێکخراوێکی قازانج نەویستە و بنکەکەی لە ئەمریکایە و پشتیوانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات لە وەبنەرهێنانیاندا لە هەرێمی کوردستان. توانیومانە چەندین کۆمپانیا بهێنینە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببیینن و نەک تەنیا جارێک بەڵکو چەندین جار کۆمپانیا هاتووە یەکەم جاری بووە بێتە ئێرە و دۆخەکە سەرنج راکێش بووە بەلایانەوە و گوتوویانە شوێنێکە زۆر جیاوازترە لەوەی پێشبینییان کردووە. ئەمەش بەشێکە لە شێوازی راکێشانی وەبەرهێنەران کە دەبێت بیانهێنیتە ئێرە بۆ ئەوەی دۆخەکە ببینن و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت دابنیشن. دەبێت ئەم وەبەرهێنانە بدۆزیتەوە کە توانای هایە ئەزموون و کەسانی ئەزموندار لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. پێویستە بازاڕێکیش هەبێت و لەگەڵیدا دەرفەتی قازانجکردن، چونکە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نایەنە ئێرە ئەگەر نەزانن قازانج دەکەن. لە ماوەی چەندین ساڵی کارکردنیشدا لەسەر ئەم بابەتە بینیومە کە چەندین کۆمپانیا لەو بوارەدا سەرکەوتوو بوونە.

کوردستان24: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە بارتر و گونجاوترە لە عێراق، کەواتە ئەمە چۆن هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بێنە ئێرە وەبەرهێنان بکەن؟

دەیڤد تافووری: ئەوەندەی من ئاگادارم وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش زۆر هاریکارە لە پشتیوانیکردنی کۆمپانیاکان بۆ هێنانیان بۆ ئێرە. هەروەها پێویستە وەزارەتی دەرەوە، ئەمریکییەکان بپارێزێت. ئەوان هەمیشە نیگەرانی سەلامەتیی و ئاسایشیی ئەمریکییەکانن. بەڵام ئێمە هەمیشە گوتومانە و بڕواشم وایە کە راستە لە 2003 وە تاوەکو ئێستا هیچ ئەمریکییەک لە کوردستان نەکوژراوە بەهۆی توندوتیژی یان چالاکی تیرۆرەوە. ئەمەش ئامارێکی نایابە بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق و خۆشم لە 2006-2008 وەک دیپلۆماتێک لە عێراق کارم کردووە و راستییەکەم بە چاوی خۆم بینیوە. ئەمەش بەشێکە لە هاوکێشەکە و وەزارەتی دەرەوەش دەبێت خۆی لە مەترسییەکان بەدوور بگرێت و نیگەرانی هەر شتێکن کە رووبدات وەک هەڕەشە و جەنگ و تیرۆر، هەروەک دەزانین جەنگ لە وڵاتێکی دراوسێدایە کە ئێرانە، ئەوەی من لێی تیێدەگەم ئەوەیە بەرپرسانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ئامانج گیراون. ئەمەش بەشێکە لەو کێشەیەی ئەمریکا رەچاوی دەکات، کاتێک سەیری تەواوی عێراق دەکات لە رووی دۆخی ئاسایشەوە.

کوردستان24: کەواتە بۆ وەبەرهێنەرێکی ئەمریکیی، جیاوازییەکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چییە ؟

دەیڤد تافووری: پێموایە هەرێمی کوردستان مەیلی ئەوەی هەیە ژینگەیەکی پێشکەوتووتر و زیاتر دۆستانەی لەگەڵ رۆژئاوادا هەبێت، هەم لە رووی ئەو یاسایانەی پێشتر باسیانم کرد و هەم لە رووی کراوەیی و هەڵوێستی پێشوازیلێکەرانەی بەرامبەر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

بەڵام بەغداش هەوڵی راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات، بە پاڵپشتی و هاندانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا. بەم دواییانە لە هاویندا کۆنفڕانسێکی گەورە هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر لەو کۆمپانیایانەی راکێشا کە ئارەزووی دۆزینەوەی دەرفەتەکانیان لە عێراقدا دەکرد.

حکوومەتی عێراق هانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازییە ئەمریکییەکان دەدات کە بگەڕێنەوە و پێموایە ئەوانەش شتی زۆر باشن بۆ عێراقیش.

من زۆر بەهیوام کە کۆمپانیای ئەمریکیی زیاتر بڕواننە عێراق و بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە بەشەکانی دیکەی عێراقیشدا.

کوردستان24: ئێستا کێشەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ پرسی بودجەیە، ئایە ئەم کێشەیە تا چەند کاریگەری لەسەر بڕیاری وەبەرهێنەرە بیانییەکان هەبووە بێنە ئێرە وەبەرهێنان بکەن ؟

دەیڤد تافووری: پێموایە ئەمە بەشێکە لە ئاستەنگی کارکردن لێرە، و ئاستەنگێکی نوێش نییە. کێشەگەلێک هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکانی ئێرە داناوە، کە لە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە سەرچاوەیان گرتووە.

بەداخەوە، کاتێک ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، تەواوی عێراق زەرەرمەند دەبێت. عێراق سوودمەند دەبێت لە هاتنی کۆمپانیای ئەمریکی و رۆژئاوایی زیاتر بۆ ئێرە، ئەوان وەبەرهێنان لە سەرچاوە سروشتییەکانی عێراقدا دەکەن، چونکە عێراق بەم شێوەیە بودجەکەی دەستدەکەوێت.

بۆیە پێموایە هەموومان لە کەرتی تایبەتدا هیواخوازین کە عەقڵ و لۆژیک زاڵ بێت، و سەرکردایەتی نوێ لە بەغدا و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بتوانن ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و رێگەیەک بۆ هاوکاریی بدۆزنەوە لەپێناو بەرژەوەندی تەواوی گەلی عێراق.

کوردستان24: هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە لە بواری بانکی و گواستنەوەی پارە پێشکەوتن بکات، ئایە ئەمە تاچەند بووەتە هۆی ئەو ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان؟

دەیڤد تافووری: ئەمە کەرتێکە لەمێژە وەک کەرتێکی پێویست بە گەشەپێدان و وەبەرهێنان دەستنیشان کراوە، و دەزانم کە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی ئەمریکایە کە بانکی زیاتر لە عێراقدا هەبن، خەڵکێکی زیاتر متمانە بە بانکەکانی عێراق بکەن، و بانکە عێراقییەکان بتوانن پەیوەندی بەهێزتریان لەگەڵ بانکەکانی دەرەوەدا هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت پارە لە نێوانیاندا حەواڵە بکرێت.

لە هەمان کاتدا، بەپێی تێگەیشتنی من، حکوومەتی ئەمریکا نیگەرانیشە لەوەی بانکەکانی عێراق بۆ کاری نایاسایی و سپیکردنەوەی پارە بەکاربهێنرێن، و بە گوتەی حکوومەتی ئەمریکا کێشە لەم بارەیەوە هەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ بانکەکانی بەغدا و باشووری عێراق.

کەواتە لە راستیدا دوو ئامانجی دژبەیەک هەن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رووبەڕوویان دەبێتەوە؛ ئەوان دەیانەوێت بانکی زیاتریان لە عێراقدا هەبێت و خەڵکی زیاتر مامەڵەی بانکی لە عێراقدا بکەن، بەڵام هاوکات بەربەست و کۆتوبەند دەخەنە سەر بانکەکانی عێراق و هەنگاوگەلێک دەگرنەبەر کە کارکردن بۆ بانکە عێراقییەکان قورس دەکات.

بۆیە پێموایە بەشێک لە چارەسەر بریتییە لە هێنانی بانکی نوێی زیاتر کە مێژوویەکیان لەگەڵ ئەم جۆرە کڕیارانەدا نەبێت کە کاریان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە لەگەڵ ئێران کار دەکەن؛ راشکاو بین، پەیوەندییان بە ئێرانەوە نەبێت، چونکە ئێران لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە. ئەمە پرسێکی گەورەیە بۆ حکوومەتی ئەمریکا و بەشێکە لە هۆکاری ئەوەی کە بانکەکان بەمدواییانە و بەتایبەتی رووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە.

کوردستان24: چۆن دەڕواننە پرۆژەی هەژماری من ؟

دەیڤد تافووری: پێموایە ئەوە شتێکی زۆر باشە، بەتایبەتی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی. پێموایە زۆر ژیرانە و لۆژیکییە. هەروەها هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە بەدیجیتاڵکردنی حکوومەت و پێموایە ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی رێکخستن و ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە داراییەکان کە هەرێمی کوردستان رووبەڕوویان دەبێتەوە و بەو هیوایەی بانکی دیجیتاڵیی زیاتریش لێرە لە هەرێمی کوردستان هەبن کە بتوانن پاڵپشتی لەمەش بکەن.

کوردستان24: لە وزە، پیشەسازی، بازرگانی و تەکنۆلۆژیا لە هەرێمی کوردستان کام کەرت ئامادە ترە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان ؟

دەیڤد تافووری: ئەگەر سەیری کەرتی نەوت و گاز بکەیت، دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت هەیە، هەروەها دەرفەتی گەورەش هەیە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە بواری گازدا کار بکەن. عێراق زۆر پێویستی بەوەیە گازی زیاتر بەرهەم بهێنێت، چ بۆ بازاڕی عێراق و چ بۆ وڵاتانی دەوروبەر. بۆیە پێموایە دەرفەتی زۆر لەوێدا هەیە. ئێمە کاتێک لە سلێمانی بووین دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا سەردانی (Foundation Hub) بکەین، کە دروستکراوە بۆ ئەوەی رێگە بەو کۆمپانیایانە بدات کە دەیانەوێت بەدواداچوون بۆ بازاڕ بکەن، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان یان عێراق، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پاڵپشتییان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بتوانن لە سلێمانی بن، بتوانن دەست بکەن بە پەرەپێدانی بەرهەمەکانیان، و بزانن بەرهەمەکانیان چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن.

من پێموایە ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر باشە، چونکە برەو بەو چەمکەش دەدات کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێک بۆ کار و بازرگانیی لە تەواوی ناوچەکەدا. کەواتە من دەرفەتی زۆر لەوێشدا دەبینم.

کەرتی کانزاکاریش دەرفەتی زۆر دەڕەخسێنێت، زۆربەی ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە پێیانوایە هەرێمی کوردستان خاوەنی کانزای گرنگ و سەرەکییەکانە، بەڵام پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای کانزاکان پەسەند بکات، تاوەکو رێگە بە وەبەرهێنەران بدات هەنگاوی داهاتوو لە بواری دەرهێنانی کانزادا بنێن؛ ئەمەش دەبێتە پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان.

بەرگریی و ئاسایشیش بوارێکی گرنگی دیکەی وەبەرهێنانە. هەندێک کۆمپانیای بواری بەرگریی و ئاسایش لەگەڵ ئێمەدا بوون. بەڕوونی دیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا روودەدات، هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق پێویستیان بەوەیە لەو بوارەشدا پاڵپشتی زیاتر بەدەستبهێنن.

کوردستان24: کوردستان خاوەنی 25 تیرلیۆن پێ سێجا گازی سروشتییە، ئایە هیچ کۆمپانیایەکی بیانی ئامادەیە بێت وەبەرهێنان و هاوبەشی پێ بکات لە داهاتوودا ؟

دەیڤد تافووری: بەڵێ، وەک دەزانیت کۆمپانیای ئەمریکی پێشوەختە لێرەن کە وەبەرهێنان لە گازدا دەکەن و پلانی گەورەیان هەیە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان.

کوردستان24: هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە سەرچاوەکانی داهاتی فرەچەشن بکات، تەنیا پشت بە نەوت و گاز نە بەستێت، ئایە ئەمە چەند هاوکار بووە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تا وەبەرهێنان بکەن؟

دەیڤد تافووری: پێموایە زۆر سەرکەوتوو بووە و بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی ئێرە لە عێراق، و بە راشکاوی ئەو راستییەی کە عێراق ساڵانێکی زۆر لە جەنگدا بەسەربردووە، کاتی دەوێت تا وەبەرهێنەری زیاتر رابکێشیت، بەڵام هەرێمی کوردستان ئێستا خاوەنی تۆمارێکی کار و دەستکەوتە، بە جۆرێک کە کۆمپانیایەکی زۆر هاتوونەتە ئێرە.

هەروەها دەمەوێت دەرفەتێک بقۆزمەوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە بۆ ئەم شاندە بازرگانییە، لە راستیدا ئێمە شاندێکی هاوبەشمان پێکهێنا بە جۆرێک سەرەتا چووینە سووریا، پاشان هاتینە هەرێمی کوردستان، و ماوەیەکیشمان لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئەوێ بەسەر برد.

هەروەها پێمانوایە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی زۆر باش بۆ ئەو کۆمپانیایانەی پێشتر لێرەن و دەیانەوێت لە سووریاش بن، تاوەکو هەرێمی کوردستان وەک بنکەیەک بەکاربهێنن بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتی وەبەرهێنان لە سووریا.

پەیوەست بەوەشەوە، پێموایە دەرفەتی نوێ هەیە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لە سووریا و بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لە سنوورەکانەوە کار بکەن.

هەروەها پڕۆژەی ژێرخانی گەورە هەن کە دەتوانن یارمەتیدەری ئەمە بن. لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە باسی دروستکردنی پردێکی نوێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا دەکرێت، و پێموایە ئەمەش شتێک دەبێت کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت سوودی لێ دەبینن و پاڵپشتی لە بازرگانییەکی گەورەتر لە نێوان هەرێمی کوردستان و سووریادا دەکات.

کوردستان24: کەواتە ئێوە لە سووریا هەوڵتان دا پەیوەندییەکی بارزگانی بەهێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا دروست بکەن؟

دەیڤد تافووری: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. تریفە خان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دی سی، لەگەڵمان بوو لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت لە دیمەشق. باسمان لەوە کرد کە ئێمە دواتر دێینە هەرێمی کوردستان و ئەم بیرۆکەیەی کۆمپانیا بنکەگرتووەکانی هەرێمی کوردستان کە وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن، وەک شتێک دەبینین کە سوودی بۆ گەلی سووریا دەبێت و سوودی بۆ حکوومەتی سووریاش دەبێت. پێموایە کاردانەوەیەکی باشمان لەو کەسانەوە دەستکەوت کە قسەمان لەگەڵ کردن، و دواتریش هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لەگەڵمان بوون کە لە بنەڕەتدا وەبەرهێنانیان لە سووریادا هەیە، لەگەڵمان هاتنە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پێشتر بەڕاستی بیریان لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا نەکردبووەوە. ئێستاش ئاشنای ئابووریی هەرێمی کوردستان بوون، کە لە هەندێک رووەوە پێشکەوتووترە لە ئابووریی سووریا، و دەرفەتی گەورە لێرەدا دەبینن، چ بۆ وەبەرهێنان لێرە و چ بۆ وەبەرهێنان لە بازرگانیی نێوان سنوورەکان لەگەڵ سووریا.

کوردستان24: ئایە هەوڵتان داوە کۆمپانیای تایبەت بە تەکنۆلۆژیا و دیجیتاڵ بێننە هەرێمی کوردستان ؟

دەیڤد تافووری: بەڵێ، کردوومانە، لە راستیدا نزیکەی سێ یان چوار ساڵ لەمەوبەر، شاندێکی بازرگانیمان هێنایە ئێرە، کە تێیدا چوار یان پێنج کۆمپانیای تەکنۆلۆژیامان لە ئەمریکاوە هێنا و لەگەڵ کەسانی کەرتی تەکنۆلۆژیای زانیاری (IT) لێرە لە هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە. کۆبوونەوەی زۆر باشمان هەبوو. پێموایە ئەوان زۆر سەرسام بوون بەو هەوڵانەی کە بۆ بەرەوپێشبردنی تەکنۆلۆژیا لێرە لە هەرێمی کوردستان دەدرێن، و هیوادارم لە داهاتووشدا کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای زیاتر بهێنمە ئێرە. هاوکات ئێمە ئەمە وەک دەرفەتێکی گەشەسەندوو بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ئێرەدا دەبینین.

کوردستان24: چ ئاستەنگ و کێشەییەک هەیە کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت تاوەکوو ئاسانکارییەکان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بکرێت بێنە ئێرە وەبەرهێنان بکەن ؟

دەیڤد تافووری: بێگومان. مەبەستم ئەوەیە لێرە ئاستەنگ هەیە؛ تۆ دەزانیت و بینەرانی تۆش ئەوە دەزانن. یەکێکیان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەرگریی ئاسمانی نییە. هێرش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبووە کە دەستێوەردانی لە کاری بازرگانیی ئێرەدا کردووە.

پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، و ئەو رێککەوتنانەی کە بەردەوام لە گۆڕاندان سەبارەت بە چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوت، کێشەیەکی دیکەیە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کاتی خۆیدا نەدرێت. کەواتە ئەمەش ئاستەنگێکی دیکەیە.

دەتوانم بڵێم کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستووری تایبەت بە خۆیەتی. ئەمە هەر لە سەرەتاوە چاوەڕوانکراو بوو. دەستوورێک لێرە پەسەند نەکراوە؛ ئەمەش زۆر گرنگە.

ئێمە دەستوورێکی زۆر باشمان هەیە کە لە ساڵی 2005 داڕێژرا و لە ساڵی 2006 بۆ تەواوی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام پێموایە دادپەروەرانەیە بڵێین لە چەندین رووەوە ئەو دەستوورە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش بە بڕوای من ئاستەنگ دروست دەکات بۆ ئەوەی ئێرە ببێتە ژینگەیەک کە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ئارام و پارێزراو بێت.

کوردستان24: ئەمریکا چۆن هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت ؟

دەیڤد تافووری: پێموایە پاڵپشتییەکی چاوەڕوانکراوی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە هەیە. پێموایە ئەمریکاش هاوڕا دەبێت لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورێک هەیە. شارەزایەکی زۆر هەن کە دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن. بە رێکەوت، منیش یەکێکم لەوانە. من پارێزەرێکی نێودەوڵەتیم. لە ڕابردوودا لەسەر ئەم جۆرە پرسانە کارم کردووە، و بەڕاستی هیوادارم هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بچێت. پێم وانییە کێشەکە ئەوە بێت کە کەسانی شیاو نین تاوەکو یارمەتیدەربن لە داڕشتنی دەستووردا. هەرێمی کوردستان لێرە چەندین پارێزەری زۆر باشی هەیە، هەروەها چەندین کەسی زۆر زیرەک و کاریگەر لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن کە دەتوانن هەنگاو بنێن بەرەو داڕشتن و پەسەندکردنی دەستوور. من تەنیا پێموایە ئێستا ئەو ئیرادە سیاسییە نییە، لە کاتێکدا کە پێویستە هەبێت.

کوردستان24: چ شتێک لە هەرێمی کوردستان سەرنجی تۆی راکێشاوە ؟

دەیڤد تافووری: عاشقی کولتووری کوردیم. عاشقی ئەو بەستەرەم کە بە مێژووەوە هەیە لێرەدا. مێژوویەکی ئەوەندە دێرین لێرەدا هەیە. پێموایە سەرسوڕهێنەرە کە کورد چۆن هێندە لێبوردە بووە بەرامبەر بە ئایینەکانی دیکە، بەرامبەر بە گەلانی دیکە، و ئەوە شتێکە دەگەڕێتەوە بۆ رابردوویەکی زۆر کۆن، و هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی هێندە زۆر خەڵک لێرە هەست بە ئاسوودەیی بکەن.

ئێرە پەناگەیەک بووە بۆ ئەو خەڵکانەی لە توندوتیژی لە وڵاتانی دیکە هەڵاتوون، و ئەمە مایەی رێزە بەلای منەوە.

کورد دەبێت مافی تەواوی هەبێت بۆ لێدانی میوزیکی کوردی، پیادەکردنی کولتوورەکەی، قسەکردن بە زمانی کوردی، و ناونانی منداڵەکانیان بە ناوی کوردی. ئەمە هەمیشە لە عێراقدا بەو جۆرە نەبووە، و لە وڵاتانی دیکەش کە کوردیان تێدایە بەم شێوەیە نییە.

بۆیە پێموایە ئەمەش هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی خەڵک پاڵپشتی لەوە بکەن کە لێرە لە هەرێمی کوردستان توودەدات. کاتێک ئابووری بەهێزتر دەبێت، کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت، دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێت بۆ پاراستنی مافی پیادەکردنی کولتووری کوردی.