مارکۆ روبیۆ: ئێران لە کەنداو تاکتیکی ژێردەریاییەکانی نازی پەیڕەو دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC-TV18)، هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداو بە تاکتیکی ژێردەریاییەکانی ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانیی دووەم چواند و داوای لە هەموو جیهان کرد ئیدانەی بکەن. هاوکات سەرنجی خستە سەر پرسی سزاکانی سەر رووسیا و هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا.

سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی پەرەسەندنی گرژییە دەریاییەکان لە کەنداو رایگەیاند: "ئەوەی دەبێت جیهان باسی بکات ئەوەیە کە دەوڵەتێک هەیە بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج، کەشتیی بێتاوان نوقم دەکات و دەیەوێت ئەو دەریاوانانە بکوژێت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگەوە نییە. ئەم دیمەنە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە؛ ئەوان بە تەواوی تاکتیکی ژێردەریاییەکانی نازی پەیڕەو دەکەن و دەبێت تەواوی جیهان دژی ئەمە یەکدەنگ بن و ئیدانەی بکەن." سەرەڕای ئەمەش، ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی گواستنەوەی وزە و نەوت لە گەرووی هورمز لە نێوان 80% بۆ 100%ی ئاستی پێش سەرهەڵدانی جەنگەکەیە.

سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن لەسەر جەنگی ئۆکراینا کە پێ دەنێتە پێنجەمین ساڵیەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەرگری لە سیاسەتی ئیدارەکەی کرد سەبارەت بە هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکان و رایگەیاند: خەڵک تێناگەن کە سزاکان لێکەوتە و باجی خۆیان هەیە، چونکە سزا تەنیا زیان بە ڕووسیا ناگەیەنێت، بەڵکوو کاریگەری لەسەر هەر وڵات و لایەنێکیش دروست دەکات کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیادا دەکات.

روبیۆ روونی کردەوە کە واشنتن هەوڵ دەدات هاوسەنگی بپارێزێت لە نێوان فشارخستنە سەر لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە هەمان کاتدا رێگریکردن لەوەی ئەو سزایانە کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر ئابووریی وڵاتانی دیکە دروست بکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئیسلامئاباد، ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان دەبێت بەشێک بێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و گوتی: "تەنانەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەش کە رەنگە ناکۆکیمان لەگەڵیاندا هەبێت، دەبێت پەیوەندیمان هەبێت. پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و لە ڕووی جوگرافییەوە گرنگە، بۆیە دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەبێت، رێک وەک چۆن حکوومەتی هیندستان ناچارە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبێت و لەگەڵ سەرکردەکانی کۆببێتەوە."

لە تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەبارەت بە دەنگۆی سەرهەڵدانی رەگەزپەرستی دژی رەوەندی هیندی لە ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، دژایەتیکردنی هیندییەکان بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی بەربڵاو یان قووڵ نییە لە کۆمەڵی ئەمەریکیدا، هەرچەندە وەک هەر کۆمەڵگەیەکی گەورە هەندێک کەسی نەفام و رقپێچ لە هەموو شوێنێک دەدۆزرێنەوە، بەڵام شانازی بەوەوە دەکات کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی هەمیشە بە یەکڕیزی بەرەنگاری رەگەزپەرستی و توندوتیژی بووەتەوە.