ترەمپ: دەبێت ئۆکراینا رێککەوتن بکات و جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر جەنگی ئۆکراینا و تاران خستەڕوو؛ رایگەیاند، پێویستە ئۆکراینا رێککەوتن بکات و کیێڤ زیانی گەورەی بەرکەوتووە، هاوکات لەبارەی ئێرانەوە گوتی تەنیا ماوە بڕیار بدەن بە "شێوازێکی نەرم یان توند" سەرکەوتن بەدەست دەهێنن.

سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرنجی خستە سەر دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا و باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بەهۆی "هەڵەی گەمژانەی جەنەڕاڵێکی رووسی" نەیتوانی بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت: رووسیا هەزار تانکی هەبوو لەسەر رێگەیەکی سەرەکی، دەیانتوانی بە 4 کاتژمێر بگەنە نێو کیێڤ و بە یەک رۆژ شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنن، بەڵام جەنەڕاڵەکەیان بڕیاری دا تانکەکان بباتە نێو زەوییە کشتوکاڵییەکان و لە قوڕ و زەلکاوەکاندا گیر بخۆن.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە بارگرانیی جەنگەکە بۆ سەر ئەمەریکا و ئەوروپا کرد و گوتی: ئێمە سەدان ملیار دۆلارمان بەخشییە ئۆکرانیا، بەڵام لە بەرامبەردا جگە لە خەم، کوژرانی خەڵک، زیانی دارایی و گرانیی دیزڵ، هیچمان دەستنەکەوتووە. ئەمەریکا و ئەوروپا سەروەتێکی خەیاڵییان خەرج کردووە و ئەوروپاش لەم دۆخە بێزار و ماندوو بووە. دەبێت ئۆکراینا و زێلێنسکی خۆیان بیانوێت شەڕەکە یەکلایی بکەنەوە و رێککەوتن بکەن، ئەگەرنا دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەبێت کە هەیە.

ترەمپ ئاماژەی بە توانای سوپای رووسیا کرد و گوتی: رووسیا دەوڵەتێکی زەبەلاحە و کارگەیەکی سەربازیی گەورەیە، لە کاتێکدا ئۆکرانیا وڵاتێکی لەو شێوەیە نییە. رووسیا سوپایەکی بێسنووری هەیە و هەفتە دوای هەفتە پێشڕەوی دەکات و خاکێکی زۆری داگیر کردووە، زۆربەی ئەوانەشی دەکوژرێن سەربازی گەنجی ئۆکراینین.

سەبارەت بە جەنگ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: لەگەڵ ئێران دۆخمان زۆر باشە. ئێستا تەنیا دەبێت بڕیاری کۆتایی بدەین کە بە چ شێوازێک دەمانەوێت ببەینەوە؛ ئایا بە شێوازە باش و نەرمەکە دەمانەوێت بیبەینەوە، یان بە شێوازە توندەکە؟ بەڵام لە هەموو بارێکدا ئێمە سەرکەوتووین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە خۆپێشاندان و گرژییەکانی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپا کرد و گوتی: ئەوەی لە فەرەنسا روویدا ناڕەزایەتییەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو شۆڕشێکی تەواوەتی بوو کە هێشتاش بەردەوامە. لە ئیسپانیاش دەبینین بە دەیان هەزار کۆچبەر هێرش دەکەنە سەر سنوورەکان و دەسەڵاتدارانیش هیچ ناکەن. ئەگەر ئەوروپا سنوورەکانی بە توندی کۆنترۆڵ نەکات و ئەو کەسانە وەدەرنەنێت، هیچ شتێک بە ناوی یەکێتیی ئەوروپاوە نامێنێتەوە.

سەبارەت بە مارین لۆپێن لە فەرەنسا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە وەک دەنگی راستڕەوەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە رووبەڕووی سزای یاسایی کراوەتەوە.

لەبارەی هاوپەیمانیی ناتۆش، ترەمپ رایگەیاند: پەیوەندیم بە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەوروپاوە کرد تاوەکوو هاوکاریمان بکەن، بەڵام رەتیانکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێمە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لە ناتۆدا خەرج دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان رەزامەند بوون گرینلاندمان پێ بدەن؛ سەرەڕای هەموو ئەو قسانەی دەیانگوت ترەمپ ناتوانێت گرینلاند بەدەستبهێنێت، بەڵام توانیمان بەدەستی بهێنین.

ترەمپ ستایشی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند بەهۆی تەرخانکردنی تریلیۆنان دۆلار لە کەرتی پیشەسازی و کارگەکان، بەهێزترین ئابووری و بەهێزترین سنووریان لە مێژووی ئەمەریکادا بنیات ناوە. هەروەها سەرنجی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای لاتین و گوتی: "ئەمریکای باشوور لە چەپڕەوییەوە بەرەو راستڕەوی و دەسەڵاتی پارێزگاران هەنگاوی ناوە و گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ سەرجەم ئەو کاندیدانەی من پاڵپشتیم لێ کردن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، لەوانەش سەرۆکی نوێی کۆڵۆمبیا کە بە ئەلتیگری (پڵنگ) ناسراوە."