باڵیۆزی ئۆکرانیا: گەلی ئۆکرانیا و کورد راستگۆن و ئامادەن ببنە دۆستێکی باش

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق، دەڵێت: خاڵی هاوبەشی گەلی ئۆکرانیا و کورد ئەوەیە شەڕکەر و جەنگاوەری زۆر باشن و مێژووێکی تاریک و سەختیان هەبووە، جگە لەوەش زۆر راستگۆن و ئامادەن ببنە دۆستێکی باش.

سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، گوتی: زیاتر لە 700 ئۆکرانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە عێراق دەژین، زیاتر لە نیوەشیان کە دەکاتە زیاتر لە 400 ئۆکرانی لە هەرێمی کوردستان دەژین، زۆرینەشی لە هەولێرن ئینجا سلێمانی.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق، رایگەیاند: چاوم بە نوێنەرانی کۆمەڵگەی ئۆکرانی لە هەولێر کەوت، دەتوانم پێتان بڵێم زۆر رازین و وەک باڵیۆز سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەو هەلومەرجەی دروست کردووە وا لە ئۆکرانییەکان بکات هەست بکەن لێرە لە ماڵی دووەمیانن، دەزانم چەند سەختە ئەو هەلومەرجە دروست بکەی کاتێک خۆت لە ناوچەیەکی زۆر ناسەقامگیری.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەم هەڵوێستەی حکوومەت و خەڵكی هەرێمی کوردستان زۆر رێزلێگیراوە، ئۆکرانییەکان لێرە پەنابەر نین و لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەکەن و منیش سوپاسی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم.

ئیڤان دۆڤهانیچ، هاوکات لە بارەی گەلی کوردەوە دەڵێت: گەلی کورد بە کارەسات و رۆژی زۆر تاریک تێپەڕیوە، لە ئۆکرانیاش بەو شێوەیە بیر دەکەینە کە کورد شەڕکەر و جەنگاوەری بێ کەموکوڕین و نەتەوەیەکە دەتوانێت شەڕی دوژمنێک بکات کە زۆر لەخۆی بەهێزترە.

دەشڵێت: لە جیهانیش ئێمە ناسراوین بەوەی مێژووێکی سەختمان هەبووە و ئۆکرانیاش بەسەر چەندین ئیمپراتۆریەت دابەشکرابوو، زیانێکی زۆر و رۆژانێکی زۆر تاریکمان تێپەڕاند، لە سەردەمی ئێستاش ئۆکرانییەکانیش وەک شەڕکەری باش سەیر دەکرێن و لە توانایاندایە لە دژی هەموو جۆرە دوژمنێک شەڕ بکەن، بۆیە لەوانەیە لەمە زۆر لەیەکدی بچین.

باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق، ئەوەشی دووپات کردەوە، ئۆکرانی و کوردەکان زۆر راستگۆن و ئامادەن ببنە دۆستێکی باش.