گوتەبێژی پارێزەرانی لالەزار: سەردانی لاهوور شێخ جەنگیمان کردووە و تەندروستیی باشە

گوتەبێژی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار، لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برایان کرد و رایانگەیاند باری تەندروستییان باشە، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە رەت دەکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند"سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برایمان لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی کردووە و دۆخی تەندروستیی هەردووکیان زۆر باش بوو".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، چاوپێکەوتن و دانیشتنەکەیان بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەڕێوە چووە و هیچ پاسەوانێک لە دەوروبەریان ئامادە نەبووە، هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە لە تەواوی رێڕەوی ئەم دۆسیەیەدا یاسا سەروەر بێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی لاهوور شێخ جەنگی بەرامبەر تۆمەتەکان، دانا تەقیەدین گوتی "ناوبراو سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەت کردووەتەوە کە دراونەتە پاڵی، لە چەند دۆسیەیەکیشدا خۆی چووەتە بەردەم دادگا، لە بەرامبەریشدا تیمی پارێزەران هەموو رێکارێکی یاسایی پێویستیان بۆ تەمیزکردن (پێداچوونەوە)ـی دۆسیەکان گرتووەتەبەر."

گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ئەوەشی خستەڕوو، لەم سەردانەدا بەهۆی نەبوونی کاتی پێویستەوە نەیانتوانیوە چاویان بە دەستگیرکراوەکانی دیکەی دۆسیەکە بکەوێت، بەڵام لە کاتێکی دیکەدا بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخیان سەردانی ئەوانیش دەکەن.