سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز نەوتهەڵگرێک تەقییەوە
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ سووپەرکەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی لە بەشی باشووری گەرووی هورمز تەقیوەتەوە و ئاگری گرتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران، ئەو سووپەرنەوتهەڵگرە لە کاتی هەوڵدان بۆ دەرچوون لە گەرووی هورمز لە رێڕەوێکی باشووری نایاساییەوە، تووشی رووداوەکە بووە
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کەشتییەکە سەرجەم سیستەمەکانی رادار و کەشتیوانیی خۆی کوژاندبووەوە و بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکانی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران، هەوڵی داوە بەو رێڕەوە نایاساییەدا تێپەڕێت، کە لە ئەنجامدا بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکەدا روویداوە.
هاوکات هێزی دەریاییی سوپای پاسداران هۆشداریی داوە کە خاوەن و دەستەی کارمەندانی سەرجەم کەشتی و کەشتیگەلەکان لە کەنداو و دەریای عومان بەرپرسیارن لە تێپەڕین بە رێڕەوە نایاساییەکاندا، و جەختی کردووەتەوە کە بە توندی و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە رووبەڕووی هەر جووڵەیەک دەبنەوە کە ئاسایشی گەرووی هورمز لەبەرچاو نەگرێت.