عێراق باجی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی سیستەمی وزەی خۆر هەڵگرت
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوەتیی بۆ رسووماتی گومرگی لەسەر سەرجەم سیستەمەکانی وزەی خۆری هاوردەکراو دا، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتییان بۆ دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە.
سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە، سفرکردنەوەی تەواوەتیی رسووماتی گومرگی بەسەر سیستەمەکانی وزەی خۆر کە هاوردەی عێراق دەکرێن.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم بڕیارە بە مەبەستی پشتیوانیکردنە لە کەرتی تایبەت، هاوکات هەنگاوێکە بۆ هاندان و ئاسانکاریکردن بۆ هاووڵاتییان تاوەکو روو لە کڕین و دانانی ئەم سیستەمانە بکەن لە ماڵ و شوێنە گشتی و بازرگانییەکانیاندا.
ئەم بڕیارەی حکوومەت وەک دەستپێشخەرییەکی گرنگ دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا، دابەزاندنی تێچووی وزە بۆ هاووڵاتییان و، هەنگاونان بەرەو فراوانکردنی ژێرخانی وزەی نوێبووەوە و ژینگەدۆستی لە سەرتاسەری عێراقدا.