ئیتاڵیا سزای توند بەسەر خۆپێشاندەران دەسەپێنێت

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، راگەیاند بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تاڵانکاری لە خۆپێشاندانەکاندا. یاسا نوێیەکە سزای تا پێنج ساڵ زیندانی، سزای دارایی، ناچارکردنی دایکوباوک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی منداڵەکانیان و ناردنی 500 سەرباز بۆ شاری میلان لەخۆدەگرێت.

سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026، جۆرجا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پەسەندکردنی پاکێجێکی نوێی یاسایی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگەیاند، دیمەنەکانی تاڵانکردنی دوکانەکان، شکاندنی شوشەبەندی بازاڕەکان و پەلاماردانی پۆلیس لە میلان و شارەکانی دیکەی ئیتاڵیا قبووڵکراو نین و بە هیچ پاساوێک بچووک ناکرێنەوە، هەربۆیە حکوومەت بڕیاری خێرا و یەکلاکەرەوەی داوە.

بەپێی یاسا نوێیەکە، "بەشداریکردنی توندوتیژانە لە خۆپێشاندانەکان" وەک تاوانێکی نوێ لە یاسادا دادەنرێت؛ بە جۆرێک ئەگەر کەسێک لە نێو گرووپێکی 5 کەسی یان زیاتردا بەرد، یاریی ئاگرین، تەقەمەنی یان دار بهاوێژێت و ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە، رووبەڕووی سزای تا 5 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی تا 20 هەزار یۆرۆ دەبێتەوە.

ئەگەر بەشداربووەکە دەموچاوی خۆی بە دەمامک داپۆشیبێت یان کەسێک بریندار بکات، سزاکەی زیاتر دەبێت. هاوکات لەمەودوا رێکاری ناسینەوەی بایۆمەتری لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا دەموچاویان دادەپۆشن.

مێلۆنی جەختی لەسەر بنەمای "کێ زیان بگەیەنێت، دەبێت قەرەبووی بکاتەوە" کردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئەنجامدەری توندوتیژییەکە مێرمنداڵ بێت، دایکوباوکەکەی ناچار دەکرێن تێچووی تەواوی زیانەکان بدەن؛ ئەگەر زیان بەر ستۆپی پاس، ترافیکلایت یان ئۆتۆمبێلی پۆلیس بکەوێت، فەرمانی پێبژاردن راستەوخۆ دەچێتە بەردەم ماڵی خێزانەکە؛ هاوکات ئەگەر زیان بەر دوکان یان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان بکەوێت، دادوەر دەستبەجێ بڕیاری قەرەبووکردنەوە دەردەکات و مافی دەبێت دەست بەسەر سامان یان مووچەی ئەو خێزانەدا بگرێت تا زیانەکان پڕدەکرێنەوە.

سەبارەت بەو مێرمنداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 18 ساڵدایە، دادگاکان راستەوخۆ وەک کەسێکی هۆشیار مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن مەگەر پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت، هەروەها دەستبەسەرکردنی خۆپارێزی کە پێشتر تەنیا بۆ پێگەیشتووان بوو، بۆ مێرمنداڵانیش پێڕەو دەکرێت و دادوەری زیاتر بۆ دادگای نەوجەوانان دادەمەزرێنرێن.

مێلۆنی فەرمانی دا بە رەوانەکردنی 500 سەربازی سوپا تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ شاری میلان بۆ هاوکاریکردنی پۆلیس، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئەو شارەدا نزیکەی 200 پۆلیس بریندار بوون و زیاتر لە یەک ملیۆن یۆرۆ زیان بەر بازاڕەکان کەوت.

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاشکرای کرد کە لەو 330 کەسەی دەستگیر کراون، نیوەیان بەڕەگەز بیانی بوون و منداڵی تەمەن 11 ساڵانیشی تێدا بووە کە بە هاندانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتوونەتە سەر شەقام بۆ شکاندن و تاڵانکردن.

لە کۆتاییدا جۆرجا مێلۆنی هێڵی جیاکەرەوەی لە نێوان خۆپێشاندانی مەدەنی و تاوانکاریدا کێشا و رایگەیاند؛ حکوومەت بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ جووتیاران و شۆفێران و کرێکاران کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام تاڵانکردن و تێکدانی شارەکان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە ئازادیی دەربڕین، بەڵکوو تاوانکارییە و یاسا بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

لە ئیتاڵیا، بۆ چەند رۆژی لەسەریەک لە ناوجەرگەی شاری میلانۆ پێکدادانی توند لە نێوان پۆلیس و گەنجانی ناڕازی لە گرانیی بژێوی روویدا.

لە گۆڕەپانی کاتێدرالای میلانۆ شووشە و بەرد بەرەو هێزە ئەمنییەکان هاوێژران و زیان بە چەندین فرۆشگەی بازاڕی بەناوبانگی ڤیتۆریۆ ئیمانوێل گەیشت، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاو وەڵامی دایەوە.

ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی بڵاویکردەوە تا ئێستا 70 کەس دەستگیرکراون و لە شارەکانی بۆلۆنیا و تۆرینۆش ئاڵۆزیی هاوشێوە روویانداوە. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی کرد و گوتی: خۆپیشاندان مافە، بەڵام وێرانکردنی شارەکانمان نا.