باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق: بڕیارمان داوە کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر بکەینەوە
ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە فەرمیی بڕیاری داوە کونسوڵخانەی گشتی لە شاری هەولێر بکاتەوە و تەنیا چاوەڕوانی رەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵن لە بەغدا، هاوکات پەردەی لەسەر بەسەربازکردنی 5 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە ریزی سوپای رووسیادا لادا و جەختی کردەوە کە ئۆکرانیا هەرگیز دەستبەرداری خاکەکەی نابێت.
کوردستان24: ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کێیڤ و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا چۆنە و دەتانەوێت چۆن برەو بەم پەیوەندییانە بدەن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە راستیدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ئۆکرانیا زۆر گرنگن. گەلی ئۆکرانیا و کورد پەیوەندییەکی زۆر گەرم، دۆستانە و باشیان هەیە. وەک نیشانەیەک بۆ گرنگیپێدانی وڵاتەکەمان بەم پەیوەندییە، حکوومەتی ئۆکرانیا بڕیاری داوە کونسوڵخانەی گشتی لە شاری هەولێر بکاتەوە. لە ئێستادا داواکاریی فەرمیمان ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کردووە تا رەزامەندیی پێویست بدات، چونکە لە رووی دیپلۆماسییەوە ڕەزامەندیی بەغدا مەرجە، هەر کاتێک مۆڵەتەکە درا، دەستبەجێ بە خێرایی کونسوڵخانەکە دەکەینەوە.
کوردستان24: ئەم بیرۆکەیە ساڵانێکی زۆرە باسی لێوە دەکرێت، ئایا دەکرێت ئەمساڵ کونسوڵخانەکە بکرێتەوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: بڕیارەکە بە تەنیا بە دەست من نییە. ئەم بیرۆکەیە بۆ نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی 2006 بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانە بووم لە بەغدا و ئەو پێشنیازەم کرد. ئێستاش حکوومەتی ئۆکرانیا لێکدانەوەی بۆ پەیوەندییەکان کردووە و بڕیاری کۆتایی لەسەر داوە. کردنەوەی کونسوڵخانەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کارەکانی ڤیزا و پەیوەندیی بازرگانی دەکات.
کوردستان24: جیا لە کردنەوەی کونسوڵخانە، دیدگای سیاسی و بازرگانیی ئۆکرانیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان چییە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئێستا ئێمە مانگانە رۆژانی کۆنسوڵگەریمان لە هەولێر هەیە بۆ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، بەڵام ئەمە بەس نییە. کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی رۆڵی نێردەیەکی بازرگانیش دەبینێت؛ لە رێگەی لقی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی ئۆکرانیاوە لە هەولێر، دەمانەوێت پردی پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان بازرگانانی کورد و ئۆکرانیادا دروست بکەین تا پێویستیان بە نێوەندگیر نەبێت و تێچووی سەر کڕیاران کەم بێتەوە.
کوردستان24: ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵ لە جیهاندا؛ قەبارەی هەناردەتان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق چۆنە و جەنگ چ کاریگەرییەکی هەبووە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا، ئۆکرانیا گەورەترین هەناردەکاری رۆنی گوڵەبەڕۆژە و دانەوێڵەیە لە جیهاندا. عێراق یەکێکە لە گەورەترین کڕیارانی رۆنی گوڵەبەڕۆژەی ئۆکرانیا و بە پێی زانیارییەکانی ئێمە، زۆربەی هەناردەکانمان بۆ عێراق لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕ دەبن. هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیرە لە نێو ناوچەیەکی ناسەقامگیردا، ئەمەش دەرفەت و دەروازەیەکی فراوان بۆ بازرگانیی وڵاتەکەمان دەکاتەوە.
کوردستان24: حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن پێشوازی لە داواکاری و کۆمپانیاکانی ئێوە دەکات؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: هەرچەندە تا ئێستا هەموو بابەتەکان بە فەرمی لەگەڵ حکوومەت تاوتوێ نەکراون، بەڵام بە تەواوی دڵنیام لەوەی حکوومەتی هەرێم پشتیوانیمان لێ دەکات، چونکە لە ماوەی مانەوەمدا لە هەولێر، پێشوازییەکی زۆر گەرم و دۆستانەمان لێ کراوە.
کوردستان24: جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا پێنج ساڵە بەردەوامە؛ ئەم جەنگە چی بە ئێوە بەخشی و چی لێ سەندن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: جەنگ هیچ لایەنێکی ئەرێنیی نییە. ئێمە لە ئازار و مەینەتییەکی قووڵدا دەژین بەهۆی ئەو ماڵوێرانییەی کە رووسیا بەسەر وڵاتەکەماندا هێناویەتی. گەلی کورد بەهۆی مێژووە سەختەکەیەوە لە هەموو کەس باشتر لە ئازاری ئێمە تێدەگات. کەس هێندەی ئۆکرانییەکان ئاشتیی ناوێت.
کوردستان24: ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ ئاشتی یان ئاگربەستێکی درێژخایەن؟ مەرجەکانتان چین؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئاشتی خواست و خەونی گەورەی ئێمەیە، بەڵام دەبێت ئاشتییەکی دادپەروەرانە و مسۆگەر بێت، نەک ئاگربەستێکی کاتی کە رێگە بۆ داگیرکاریی نوێ خۆش بکات. ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئاشتی؛ کاتێک سەرۆک ترەمپ دەستپێشخەریی ئاگربەستی کەرتی وزەی راگەیاند، سەرۆک زێلێنسکی پاڵپشتیی کرد، بەڵام لە هەمان شەودا ڕووسیا بە 200 درۆن و 16 مووشەک هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و نیو ملیۆن خێزانی لە کارەبا بێبەش کرد. وەڵامی پرسیاری کەی شەڕ دەوەستێت؟ لە کێیڤ، واشنتن، نییە، بەڵکو تەنیا لە مۆسکۆیە لە دەستی پووتین.
کوردستان24: ئایا ئامادەن لە پێناو ئاشتیدا دەستبەرداری ئەو خاکانە ببن کە لە دەستان داوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: نەخێر، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری خاکمان نابین و بەوە رازی نابین. ئەمە بڕیاری سەرۆک نییە، بەڵکو خاکی ئۆکرانیا لە دەستووردا چەسپێنراوە و ناکرێت بەبێ ریفراندۆمی گشتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک بدرێت، هاوکات بە پێی یاساش ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵبژاردن لە کاتی جەنگدا قەدەخەیە.
کوردستان24: دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتووە سەرۆکێکی نوێ بۆ ئۆکرانیا هەڵبژێردرێت؛ هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئەم بیرۆکەیە سەرەتا لە لایەن رووسەکانەوە بڵاوکرایەوە بەو ئامانجەی سەرۆکێکی لاواز لە شوێنی زێلێنسکی دابنرێت کە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدات. لە رووی یاساییەوە هەڵبژاردن لە کاتی جەنگدا مەحاڵە، بەڵام زێلێنسکی رایگەیاند ئەگەر لانیکەم 60 رۆژ ئاگربەستێکی راستەقینە هەبێت، ئامادەین یاساکان هەموار بکەین و هەڵبژاردن بکەین. ئەگەر کەسێک پێی وایە ئۆکرانییەکان سەرۆکێک هەڵدەبژێرن کە لەگەڵ رووسیا نەرم بێت، تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە؛ چونکە خەڵک سەرکردەیەکی هەڵدەبژێرن کە رەنگە زۆر توندتریش بێت لە زێلێنسکی.
کوردستان24: ئایا خەڵکی ئۆکرانیا گومان و ناڕەزایەتییان بەرامبەر زێلێنسکی نییە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: پرسی بەڕێوەبردنی جەنگ پەیوەست نییە بە خودی کەسەکە، بەڵکو متمانەیە بە سیاسەتێکی بەهێز. زێلێنسکی رەنگدانەوەی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی ئۆکرانیایە، خەڵکیش هەرگیز دەنگ بە سەرکردەیەکی لاواز نادەن کە ئامادە بێت وڵاتەکەی رادەست بکات.
کوردستان24: ئەگەر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان ئەمریکا، رووسیا و چین لەسەر ئۆکرانیا بکرێت بەبێ بەشداریی ئێوە، بڕیارەکان قبووڵ دەکەن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: سەرکردەکان دەتوانن لە هەر شوێنێک کۆببنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو بڕیارێک دەبێت بە دەستی گەلی ئۆکرانیا بێت. تەنانەت سەرۆکیش ناتوانێت بە تەنیا بڕیار بدات، چونکە لایەنی سەرەکی و خاوەنی ئەم جەنگە گەلی ئۆکرانیایە.
کوردستان24: تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لەم جەنگەدا چ رۆڵێکیان لە بەرژەوەندیی ئۆکرانیا گێڕاوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: تەکنەلۆژیا یارمەتیدەرێکی سەرەکی بووە تاوەکو بتوانین رووبەڕووی دوژمنێکی زۆر لە خۆمان گەورەتر ببینەوە. بەڵام تەکنەلۆژیا تەنیا بەرهەمهێنانی چەک نییە؛ سیستەمی ئاگادارکردنەوەی خێرا، دروستکردنی پەناگە، بەکارهێنانی دیواری کۆنکرێتی و تۆڕی پارێزەر لە دەوری وێستگەکانی کارەبا و ئاو، بەشێکی گەورەی پاراستنی ژێرخانی وڵات بوون. هاوکات بوونی تیمە ڕاهێنراوەکانمان وایکردووە وێرانکارییەکان بە خێرایی چاک بکرێنەوە.
کوردستان24: ئایا ئۆکرانیا لە کەرتی تەکنەلۆژیای سەربازیدا هاوکاریی وڵاتانی کەنداو دەکات؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: بەپێی زانیارییەکانی من، هەماهەنگی لەسەر ئاستی حکوومەتەکان لە بواری پاراستنی ژێرخانی وزە لە رێگەی تۆڕ و دیواری کۆنکرێتی و سیستەمی ئاگادارکردنەوە بوونی هەیە؛ چونکە لە سەدەی 21ـدا جەنگ تەنیا درۆن نییە، بەڵکو چۆنیەتیی بەکارهێنانیەتی لە لایەن مرۆڤەوە.
کوردستان24: ترەمپ دەڵێت وڵاتانی ئەوروپا باجی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەدەن، ئایا ئەمە راستە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئەم لێدوانە نالۆژیکییە. کێ سوود لەم دەنگۆیە دەبینێت؟ تەنیا رووسیا! چونکە دەیەوێت ئۆکرانیا بە تەنیا بمێنێتەوە تا تێکی بشکێنێت. کێشەی وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی یارمەتیدانی ئۆکرانیاوە نییە، بەڵکو هۆکارەکەی خودی دەستدرێژی و هێرشەکانی رووسیایە.
کوردستان24: ئۆکرانیا بە چ هێزێک بەرگری دەکات و بۆچی ناڕووخێت؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: سەرباز بڕیاردەرە نەک تەنیا چەک. کاتێک لە بەرەکانی پێشەوە بووم بە چەکێکی ئۆتۆماتیکییەوە بەرگریم دەکرد و بریندار بووم، دواتر سەربازێکی تر هاتە شوێنم؛ ئێستاش کوڕەکەم لە هێڵی پێشەوەی بەرگری لە نیشتمان شەڕ دەکات. لە ئۆکرانیا تەنانەت ملیۆنێرەکانیش وەک سەربازی ئاسایی چەکیان هەڵگرتووە. ئێمە بەرگری لە خاکی دایک و خێزانەکانمان دەکەین و هەرگیز خۆمان بە دەستەوە نادەین.
کوردستان24: هۆکاری چییە دەگوترێت زستانێکی زۆر سەخت چاوەڕوانی ئۆکرانیایە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئەمە بەهۆی سیاسەتەکانی پووتینەوەیە. رووسیا لە ماوەی پێنج ساڵی جەنگدا نەیتوانی بەرەکانی جەنگ ببڕێت، بۆیە ئێستا تاکە تاکتیکی بریتییە لە لێدانی ژێرخانی مەدەنی تا ژیان لە ئۆکرانیا مەحاڵ بکات بەو هیوایەی خەڵک لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگ بە خۆبەدەستەوەدان بدەن، بەڵام پووتین لەو خەیاڵەدا سەرناکەوێت.
کوردستان24: ئایا هاووڵاتییانی عێراقی لە ریزی سوپای رووسیا یان ئۆکرانیادا شەڕ دەکەن؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لە ریزی سوپای ئۆکرانیادا هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی نییە. بەڵام بەپێی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان، نزیکەی 5 هەزار گەنجی عێراقی لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023 بۆ ناو سوپای رووسیا پەلکێش کراون. زۆربەی ئەمانە قوربانین؛ لە رێگەی بەڵێنی پارە، هەلی کار، خوێندن یان پێدانی رەگەزنامەوە هەڵخەڵەتێنراون یان ناچار کراون، پاشان رووسیا بەهۆی کەمیی سەربازەکانییەوە بەبێ بەزەییانە ئەوانی ناردووەتە بەرەکانی پێشەوەی مەرگ.
کوردستان24: ئۆکرانیا چۆن لە هەڵوێستی دیپلۆماسیی عێراق دەڕوانێت لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئێمە سوپاسی هەڵوێستی هاوسەنگی حکوومەتی عێراق دەکەین. عێراق لە دانیشتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەندین جار دەنگی بەو بڕیارانە داوە کە پشتگیری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دەکەن. گەلی عێراق بەهۆی ئەزموونکردنی زیاتر لە 40 ساڵ لە نەهامەتیی جەنگ، زۆر باش لە دۆخی ئێمە تێدەگات.
کوردستان24: چەند هاووڵاتیی ئۆکرانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەژین و سەرقاڵی چین؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: نزیکەی 700 هاووڵاتیی ئۆکرانی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سەرانسەری عێراق دەژین، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 400 کەسیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن (بە پلەی یەکەم لە هەولێر و دواتر سلێمانی). ئەوان لێرە پەنابەر نین، بەڵکو هەست دەکەن لە ماڵی دووەمی خۆیاندان و زۆر ئاسوودەن؛ لەبەر ئەوە سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستان دەکەم بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆیان.
کوردستان24: خاڵی هاوبەش لە نێوان کورد و ئۆکرانییەکاندا لە چیدا دەبینیتەوە؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: هەردوو نەتەوە بە قۆناخی زۆر تاریک و کارەساتباردا لە مێژوودا تێپەڕیون و دابەش کراون، بەڵام جەنگاوەری ئازان و چۆک بۆ دوژمن دانادەن. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە بازرگان و گەلی کورد خاوەن بەڵێن و متمانەن لە کایەی کارکردندا، ئەمەش بەهادارترین سەرمایەیە لە جیهاندا.
کوردستان24: ئایا لە سەردانەکەتدا بۆ هەولێر تامی خواردنی کوردیت کرد یان سەردانی قەڵای هەولێرت کرد؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: لەبەر چڕیی کۆبوونەوەکان لە بەیانییەوە تا ئێوارە، زۆر ماندوو بووم و نەمتوانی سەردانی قەڵای دێرینی هەولێر بکەم و خواردنی کوردیش تاقی بکەمەوە، بەڵام وەک مێژوونووسێک زۆر ئارەزوو دەکەم لە داهاتوودا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت بە تایبەت کاتێک کونسوڵخانەمان لە هەولێر کردەوە.
کوردستان24: کێشەی پێدانی ڤیزا بەو خێزانە عێراقییانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ ئۆکرانییەکان کردووە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
ئیڤان دۆڤهانیچ: ئەمە پرسێکی یاسایی و کۆنسوڵگەرییە و لە دەسەڵاتی کونسوڵدایە. بەهۆی رێککەوتنی گەشتی بێ ڤیزا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا، ئۆکرانیا ناچارە مەرجە توندەکانی کۆچبەری جێبەجێ بکات؛ بەڵام وڵاتەکەمان لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە (دییا) شۆڕشێکی گەورەی کردووە، بە جۆرێک هاووڵاتییانمان ئێستا دەتوانن بە شێوازی ئۆنلاین پرۆسەی هاوسەرگیری و تۆمارکردنی کارگێڕیی خۆیان ئەنجام بدەن.
کوردستان24: زۆر سوپاس جەنابی باڵیۆز بۆ بەشداریکردنت.
ئیڤان دۆڤهانیچ: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و هیوای ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەمووان دەخوازم.