وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: ترس و شڵەژان باڵی بەسەر ئێراندا کێشاوە

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، ترس و شڵەژان باڵی بەسەر دەسەڵاتداران و سوپای پاسدارانی ئێراندا کێشاوە و بەهای دراوی وڵاتەکە بە تەواوی داڕماوە. ئاشکراشی کرد کە لە مانگی ئابەوە تاران نەیتوانیوە نەوت لە دوورگەی خارگەوە هەناردە بکات و ئابوورییەکەی هاوشێوەی کۆمپانیایەکی مایەپووچە کە کەس ئامادە نییە پارەی پێ بدات.

سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ پڕۆگرامی (The Morning Meeting) سەرنجی خستە سەر دۆخی نالەباری دارایی ئێران و گوتی: لێدوانە ئاشکرا و نهێنییەکانی بەرپرسانی فەرمی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران دەریدەخەن کە ترسێکی گەورە لە نێوخۆی ئێران دروست بووە؛ دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بە تەواوی داڕماوە، گەیشتوونەتە ئاستێک کە بڕیاریان داوە هەر کەسێک نرخی راستەقینەی ئاڵۆگۆڕی دراو بڵاو بکاتەوە، ڕاستەوخۆ دەستگیر و زیندانی بکرێت.

سکۆت بێسێنت باسی لە کاریگەریی گەمارۆ دەریایی و بازرگانییەکان کرد و ئاشکرای کرد: لە مانگی ئابی رابردووەوە هیچ بارکردنێکی نەوت لە دامەزراوە سەرەکییەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ نەبینراوە، ئێستاش ئێران هیچ بڕە نەوتێکی لەسەر ئاوەکان نییە بۆ هەناردەکردن.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بارودۆخی دارایی تاران بە کۆمپانیایەکی ئیفلاسبوو وەسف کرد و گوتی: ئێران لە کۆمپانیایەکی مایەپووچ دەچێت کە لە لێواری داڕماندایە و هیچ لایەنێکیش ئامادە نییە پارە یان قەرزی پێ بدات.

لە تەوەرێکی دیکەدا، بێسێنت ئاماژەی بە ڕەوشی ئابووریی ناوخۆی ئەمەریکا کرد و رایگەیاند، جیا لە بەرزبوونەوەی کاتیی نرخی وزە و نەوت بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانەوە، زۆربەی کەرتە ئابوورییەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا هەنگاو دەنێن.

گوتیشی: ئێمە شاهیدی بەرزبوونەوەی مووچەی راستەقینەی هاووڵاتیانین و هاوشێوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، چینە کەمدەرامەت و هەژارەکان سوودمەندی سەرەکی بوون لەم گەشەکردنە.

وەزیری گەئەمەریکا رەخنەی لە نوێنەرانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس گرت و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی تایبەت بە کەرتی داراییدا، لە جیاتی گرنگیدان بە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، دیموکراتەکان تەنیا بەدوای دروستکردنی ژاوەژاو و ململانێی سیاسییەوەن.