یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتننامەی دەریایی تورکیا و لیبیا بە نایاسایی دادەنێت

پەرلەمانی لیبیا بە کۆدەنگی رێککەوتننامەی دیاریکردنی سنووری دەریایی لەگەڵ تورکیای پەسەند کرد و بڕیارەکانی پێشووی دژی ئەنقەرە هەڵوەشاندەوە. ئەم هەنگاوە دەستبەجێ پێشوازیی فەرمیی تورکیای لێکەوتەوە، لە بەرامبەریشدا یۆنان و یەکێتیی ئەوروپا بە توندی بڕیارەکەیان رەت کردەوە و رێککەوتنەکەیان بە نایاسایی و پووچەڵ لەقەڵەم دا.

رۆژی سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی لیبیا لە دانیشتنێکی فەرمیدا، یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2019ی نێوان تەرابلوس و ئەنقەرەی بۆ دیاریکردنی ناوچە دەسەڵاتدارێتییە دەریاییەکان لە دەریای ناوەڕاست پەسەند کرد، کە ئەنجوومەنی باڵای دەوڵەت و سەرۆکایەتیی لیبیاش پشتیوانییان لێ کرد و بە هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەیان ناوزەندیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا کرد و رایگەیاند: ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە لە ساڵی 2019ەوە کاری پێ دەکرێت، ماف و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و دادپەروەری دەپارێزێت و دەبێتە هۆی قووڵترکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەرابلوس." تورکیا جەختیشی کردەوە کە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە حەوزی دەریای ناوەڕاست بەردەوام دەبێت.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندی بڕیارەکەی پەرلەمانی لیبیای رەتکردەوە و رایگەیاند: "ئەم بڕیارە لەو راستییە ناگۆڕێت کە ئەم یاداشتە نایاساییە و بە تەواوی پووچەڵ و بێبەهایە، چونکە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکانە (UNCLOS) و سەروەریی دەوڵەتانی ناوچەکە پێشێل دەکات."

ئەسینا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا و لیبیا هیچ کەناراوێکی بەرامبەر یان هاوسنووریان نییە تا لەسەری رێکبکەون، هەروەها رێککەوتنەکە بە تەواوی مافی دوورگە یۆنانییەکانی (وەک کڕیت) فەرامۆش کردووە. وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بە رێککەوتنە یاساییەکانی خۆی لەگەڵ میسر و ئیتاڵیا کرد و هۆشداریی دایە لایەنی لیبی لە هەر هەنگاوێک کە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تێکبدات، هاوکات رایگەیاند هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە و هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی دەگرێتە بەر.

هاوکات ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئەوروپا، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند کە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2019ەوە نەگۆڕە و گوتی: "ئەم رێککەوتنە مافی سەروەریی وڵاتانی سێیەم دەبەزێنێت، ناگونجێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیی دەریاوانیدا و لە رووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە." ڤۆندێرلاین هاوپشتیی تەواوی یەکێتیی ئەورووپای بۆ یۆنان و قوبرس دووپات کردەوە و دژایەتیی برۆکسلی بۆ هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری لیبیا راگەیاند.

پەسەندکردنی ئەم یاداشتە دەریاییە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) بۆ تەرابلوس. شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە دەرخەری هەوڵەکانی تورکیایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیا پێکەوە، تاوەکوو پێگەی خۆی لە کێبڕکێی گازی سروشتی و سامانی دەریایی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا پتەوتر بکات.