عێراقچی: تا لەگەڵ ئەمریکا نەگەینە لێکتێگەیشتن، گەرووی هورمز ناکەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە و ناکرێتەوە تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئەمەریکادا دەگەنە لێکتێگەیشتنێکی فەرمی، هاوکات هۆشداریی دا کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات رووبەڕووی کێشە و مەترسیی گەورەی ئەمنی دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە کە گوشارەکان تاران ناچاری تەسلیمبوون ناکەن.

رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا واشنتنی بە پەکخستنی رێڕەوی دیپلۆماسی تۆمەتبار کرد و گوتی: پابەندبوونی واشنتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، مەرجی سەرەکییە بۆ هەنگاونان بەرەو دانوستان لەبارەی دۆسیەکانی دیکە، چونکە سێ گەڕی پێشووی دانوستانەکان بە هێرشکردنە سەر ئێران کۆتاییان هات.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دەستپێشخەریی حەوت رۆژە روونی کردەوە کە ئامانج لێی هێشتنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بووە بە کراوەیی بە مەرجێک واشنتن پابەندی لێکتێگەیشتنە پێشووەکان بێت، بەڵام ئەمەریکا دەرگاکانی داخستووە.

عێراقچی گوتیشی: گەرووی هورمز ناکەینەوە تا ئەو کاتەی نەگەینە لێکتێگەیشتن؛ نەبوونی رێککەوتنیش بە مانای بەردەوامیی کۆتوبەندەکانە لەسەر هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەکەدا، هەروەها هەر کەشتییەک هەوڵی پەڕینەوە بدات، رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی ئەمنی دەبێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن لە رێگەی جەنگەوە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی نەپێکاوە و گوتیشی: گوشارەکانی ئەمەریکا ئێران ناچاری تەسلیمبوون ناکات. ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنەوە سەر ئێران، سەرجەم بژاردەکان لەبەردەستدان، ئامادەباشیی سەربازیی تارانیش تەنیا بۆ بەرگریکردنە نەک شەڕخوازی، هەربۆیە پێویستە واشنتن بژاردەی سەربازی لەسەر مێز دوور بخاتەوە.

عێراقچی دانی بەوەشدا نا کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا کاریگەریی قورسیان لەسەر بژێوی گەلی ئێران دروست کردووە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "خەڵکی ئێران لە پێناو پاراستنی سەروەری، سەربەخۆیی و کەرامەتی نیشتمانیی وڵاتەکەیان ئەم باجە دەدەن.

سەبارەت بە گرژییەکانی دەریای سوور، عێراقچی رایگەیاند، تاران بەشێک نییە لەو پەرەسەندنانە و گوتی: ئەوەی لە دەریای سوور روودەدات هۆکار و دۆخی تایبەتی خۆی هەیە، پێشڕەوییەکانی چەکدارانی حووسیش بەرەو گەرووی بابولمەندەب بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی سەر یەمەن بووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان حووسییەکان و سعوودیە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: وەڵامنەدانەوەی حووسییەکان بۆ دەستپێشخەرییەکەی تاران، سەربەخۆیی بڕیاری ئەوان دەسەلمێنێت؛ حووسییەکان مەرجی تایبەت بە خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ هەیە، هەروەها سعوودیەش مەرجی هەیە کە لەلایەن حووسییەکانەوە رەتکراونەتەوە.