عێراق دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران دادەخات

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان رایگەیاند، فەرمانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار دەرچووە.

سەرچاوەکە راگەیاند، رێنماییە حکوومییەکان لە بەغداوە گەیشتوون بۆ داخستنی ئەو دەروازەیەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی میسان، کە بڕیارە کاتژمێر 06:00ـێ ئەمڕۆ چوارشەممە دەست پێبکات و تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، داخستنەکە بەهۆی کاروباری هونەرییەوەیە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکارەکان یان ماوەی داخستنەکە ئاشکرا بکات.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 12ـی ئەیلوولی رابردوو رێنمایی دەرکردبوو بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، لە نێویاندا دەروازەی شەیب. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەلمێنرا تاران لە هێرشی درۆن تێوەگلاوە کە بۆرییەکی نەوتی لە رۆژهەڵاتی سعوودیە کردە ئامانج و لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدرابوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری داخستنی ئەو دەروازانە گواستنەوەی کەرەستە و چەک و پێداویستییەکانی دروستکردنی درۆن بووە لە ئێرانەوە بۆ عێراق، کە گرووپەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمە بەو فڕۆکانە هێرشیان کردە سەر سعوودیە.

سەرچاوەکە جەختیکردەوە، داخستنی دەروازەکان بەتایبەت شەلەمچە و شەیب و مەندەلی بە بڕیارێکی تایبەتی سەرۆکوەزیران بووە و لە نووسینگەی تایبەتی خۆیەوە دەرچووە. هاوکات لێژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراون بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی ئەو کەرەستانەی تێپەڕێنراون و دیاریکردنی کەمتەرخەمیی هێزە ئەمنییەکان و لایەنە فەرمییەکان و لێپرسینەوە لەو لایەنانەی تێوەگلاون.