سوپای ئیسرائیل: بەرپرسێکی باڵای حەماسمان لە غەززە لەناو برد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەکرەم یاسینیان کوشتووە، کە وەک بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی گشتیی حەماس لە غەززە ناساندوویانە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئەو دەزگایە بەرپرسە لە پاراستنی بەرپرسانی باڵای حەماس، دڵنیابوون لە جووڵەکانیان و کۆکردنەوەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، یاسین لەم دواییانەدا کاری لەسەر هاندانی هێرشکردنە سەر سوپای ئیسرائیل و پەرەپێدانی کردووە. سوپای ئیسرائیل جەختدەکاتەوە، ئەو هەوڵانەی یاسین پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەست بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرگریی شارستانی و نەخۆشخانەکانی ناوچەکە رایانگەیاند، 7 فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، بووەتە هۆی کوژرانی 74,400 کەس. هاوکات 90%ـی ژێرخانی مەدەنیی کەرتەکە وێران بووە.