بە چاودێری سەرۆک بارزانی 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکرێتەوە

ئەمڕۆ 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە درووشمی "من کوردستانیم" دەکرێتەوە. 

لەو خولەدا زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و چالاکییەکان تا 31ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن. کوردستان24 لەو پێشانگەیەدا ستۆدیۆی تایبەتی دەبێت.

ئیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری نووسەران، رۆشنبیران و دیپلۆماتکاران، پەردە لەسەر چالاکییەکانی 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لادەدرێت. پێشانگەکە لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی لەناو پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان ساز دەکرێت.

بە گوتەی قەیسی، زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و دامەزراوەی تایبەت بە کەرتی کتێب لە 18 وڵاتی عەرەبی و بیانییەوە بەشدارن. ئەو دەزگایانە زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی دەوڵەمەند لە بوارەکانی ئەدەب، فیکر، مێژوو، زانست، فەلسەفە و مەعریفە بە زمانە جۆراوجۆرەکان دەخەنە بەردەست خوێنەران.

پێشانگەکە 90 چالاکیی فەرهەنگی و هونەری لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە سیمینار، دیبەیت، کۆڕی شیعری، شەوانی مۆسیقا و ئاهەنگی واژۆکردنی بەرهەمە نوێیەکان. هاوکات داشکاندنی تایبەت بە رێژەی زیاتر لە 50%ـی بۆ زۆربەی ناونیشانەکان دیاری کراوە، کە ئەمەش دەرفەتێکە بۆ خوێنەران تا لە نزیکەوە ئاشنای ئەدیبان و ناوەندەکانی چاپ ببن.

ئاریان سەڵاحەددین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە چالاکییە هاوتەریبەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند: رۆژانە چوار بۆ پێنج پانێڵی هزری و پسپۆڕانە لە بوارەکانی ئەدەبیات، وەرگێڕان، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بەڕێوە دەچن. لەو پانێڵانەدا بیرمەند و پسپۆڕانی چەندین وڵاتی جیهان بەشدار دەبن.

دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن، رۆشنبیری و هونەر، ئەرکی رێکخستنی ئەم خولەی پێشانگەکەی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم کارەش بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکارانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بڕیارە بە درێژایی رۆژانی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە، دەرگای هۆڵەکە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە بە رووی خوێنەران، توێژەران و سەرجەم سەردانکەراندا کراوە بێت.