ترەمپ: بە خێرایی جەنگی ئێران تەواو دەبێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جەخت دەکاتەوە کە جەنگی ئێران بە خێرایی کۆتایی دێت. ترەمپ پێشبینی دەکات دوای کۆتاییهاتنی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دیاری نەکرد و هیچ وردەکارییەکی بۆ رێککەوتنێکی ئەگەری ئاشکرا نەکرد.

ترەمپ لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور گوتی: "ئێرانییەکان دەیانەوێت جەنگەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس درێژە بکێشێت". ئەو هەڵبژاردنە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ جەختیدەکردەوە، جەنگەکە بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی دێت.

سەرۆکی ئەمریکا بەرگری لە تێچووی جەنگەکە کرد و ئەو تێچووەی بە سنووردار وەسف کرد لە بەرامبەر رێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ترەمپ پێشبینی دەکات کۆتاییهاتنی رووبەڕووبوونەوەکان ببێتە هۆی دابەزینی گەورەی نرخی نەوت، ئەوەش لە کاتێکدایە گرنگیی نرخی وزە و تێچووی ژیان لە گوتاری هەڵبژاردنی ئەمریکادا روو لە زیادبوونە.

لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی نرخی نەوت دەرەنجامێکی مسۆگەری کۆتاییهاتنی جەنگ نییە، چونکە جووڵەی بازاڕەکان پەیوەستە بە سەقامگیریی هەناردەکردن، سەلامەتیی رێڕەوە ئاوییەکان و ئاستی خواستی جیهانی.

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ جەختی لە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی جەنگ کردەوە، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ راگرتنی دیاری نەکرد. هەروەها روونیکردەوە هێشتا دیار نییە ئەو کۆتاییەی باسی دەکات لە رێگەی رێککەوتنێکی دیپلۆماسییەوە دەبێت یان لە رێگەی پێشهاتە سەربازییەکانەوە.

فشارە ئابووری و سیاسییەکانی پەیوەست بە جەنگەکە بەردەوامن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس.