ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر داخران
ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر داخران و هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی تایە دەسووتێنن دەستپێدەکات.
دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە مانگی ئایاری ساڵی 2024 بڕیاردرا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێن، دوای ئەو بڕیارە دەیان پاڵاوگەی نایاسایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داخران. بەڵام ئێستا چەند حاڵەتێکی کارکردنی پاڵاوگەکان بە نهێنی هەیە و لە هەفتەیەکدا چوار پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر داخراون.
لەوبارەیەوە دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر بە کوردستان24 ـی راگەیاند، هەموو پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان داخراون و هیچ کامێکیان مۆڵەتی فەرمی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان نییە. بەڵام، سێ بۆ چوار پاڵاوگە بە نایاسایی و لە کاتەکانی شەو بە نهێنی کاریان کردووە و خاوەنەکانیان دەستگیرکراون و پاڵاوگەکان داخران.
گوتیشی؛ ئەو پاڵاوگانەی بە نهێنی کاریان کردووە رووبەڕووی قورسترین سزا دەبنەوە. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاشکراشی کرد، دیاردەیەکی دیکە دەرکەوتووە و ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆیان بەدەست گەیشتووە، ئەویش سووتاندنی تایە و زبڵ و خاشاکە لە شەوان دا. بڕیارە بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێبکەن و رووبەڕووی سزای یاساییان بکەنەوە.
بە گوێرەی ئاماری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی 160 پاڵاوگەی نایاسایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەبوون، کە 139 پاڵاوگە لە هەولێر و 14 پاڵاوگە لە دهۆک و شەش پاڵاوگەش لە سلێمانی داخراون. ئێستا تەنیا سێ پاڵاوگە بەشێوەی یاسایی کار دەکەن، ئەوانیش پاڵاوگەکانی کار، لاناز و قەیوانن.
هەروەها بە گوێرەی ێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2020، لە وەزارەتی سامانە سرووستییەکان دەرچووە، پێویستە هەموو ئەو پاڵاوگانەی کە هەن دەبێت خۆیان لەگەڵ رێنماییەکان بگونجێنن، لە ناو ئەو رێنماییانەشدا هەموو وەزارەتەکان رێنمایی تایبەت بەخۆیان داناوە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دا سێ هەزار و 689 مۆلیدە کوژێندراونەتەوە و بەهۆییەوە رۆژانە 690 تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەمبووەتەوە.